بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئەو ڕژێمەی سەبارەت بە شکستی هەوڵەکان بۆ تیرۆری محەممەد زەیف فەرماندەی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس پشتڕاست کردەوە.
هیدی زیلبرمەن وتەبێژی فەرمی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە سوپا لە ڕۆژانی ڕابردوو دوو جار هەوڵی تیرۆرکردنی محەممەد زەیف ی داوە بەڵام شکستی هێناوە.
ناوبراو وتی کە سوپای لە چەند بەشەوە و بە چەکی جۆربەجۆر هەوڵی داوە پەناگەی نهێنی و ژێرزەوینی محەممەد زەیف بۆردومان بکات بەڵام ئەنجامێکی نەبووە.
وتەبێژی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی وتی کە بەدەر لەم دوو جارە، لە ساڵانی ڕابردووش 5 جار هەوڵی تیرۆرکردنی ناوبراو ڕوبەڕوی شکست بووەتەوە.
زیلبرمەن هەروەها ڕایگەیاند کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵیداوە 7 بەرپرسی باڵای دیکەی حەماس بە تایبەت محەممەد سنوار تیرۆر بکات کە ئەوانەش لەو هەوڵانە ڕزگاریان بووە.
محەممەد زەیف کێیە؟
محەممەد زەیف لەدایکبووی ساڵی 1965 ی کەمپی خان یونس لە کەرتی غەززەیە.
ناوبراو لە ساڵی 1989 لە هێرشە بەربڵاوەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستبەسەر کرا و 16 مانگ بە بێ دادگاییکردن و تەنیا بە تۆمەتی چالاکی لە باڵی سەربازی حەماس (کە لەو کاتەدا بە ناوی موجاهیدانی فەڵەستینی ناو دەبرا) لە گرتووخانەکانی ئەو ڕژێمەدا مایەوە.
کاتێک ئازاد کرا یەکینەکانی عێزەدین قەسام پێکهێنرابوو و زەیف دەستبەجێ پەیوەندی پێوە کرد و بووە یەکێک لە فەرماندەکانی.
ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی 1992 تا ئێستا هەوڵی دەستبەسەرکردنی محەممەد زەیف دەدات و دەزگا هەواڵگرییەکەی هەوڵێکی زۆریان بۆ ئەم مەبەستە داوە کە بێ ئەنجام بووە.
ڕژێمی زایۆنیستی هەروەها لە ساڵانی 2001، 2002، 2003، 2006 و 2014 پلانی تیرۆرکردنی زەیف ی جێبەجێکرد کە سەرجەم ئەو پلانانە شکستیان هێنا.
ساڵی 2014 تەنانەت هێرش کرایە سەر ماڵەکەی بەڵام خۆی ڕزگاری بوو و هاوسەر و کچێکی سێ ساڵە و کوڕە منداڵەکەی لەو هێرشەدا شەهید کران./.