بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ڕویوەران شرۆڤەکاری کاروباری ناوچەکە ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی بە هێرش و تاوانەکانی ئەمجارەی لە دژی فەڵەستینییەکان تووشی هەڵەیەکی کوشندە بووە.
چەندین هەڵەی گەورە و بەردەوام
ناوبراو وتی: زایۆنیستەکان چەندین هەڵەیان پێکەوە کرد، یەکەم ئەوەی کە هەوڵی چۆڵکردنی گەڕەکی شێخ جەڕاحیان دەدا، پاشان بە بۆنەی ڕۆژێکی ساختەوە بە ناوی قودسی یەکپارچە کە ساڵڕۆژی داگیرکردنی شاری قودس لە شەڕی شەش ڕۆژە بووە، ئاهەنگیان گێڕا. ئەم هەنگاوەش سووکایەتییەکی گەورە بوو، ئەم دوو ڕووداوەش بووە هۆی ئەوەی کە گەلی فەڵەستین و گەلانی دیکەی موسڵمان لە دژی ئەوان یەکبگرنەوە.
خۆڕاگری لە بەرگری غەززە ڕووی هێناوەتە بەرگری فەڵەستین بە گشتی
حوسێن ڕویوەران سیاسەتی خۆڕاگریی لە ئێستادا بە بەرگری لە تەواوی فەڵەستین زانی و وتی: خۆڕاگری پێشتر تەنیا وەڵامی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززەی دەدایەوە بەڵام بە پرۆژەی زایۆنیستەکان لە قودس، خۆڕاگری لە بەرەوپێشچوونێکی گەورەدا لە بەرگری غەززە ڕووی هێنایە بەرگری لە فەڵەستین. ئەمەش دەسکەوتێکی گەورەیە و ئەنجامی هەمان هەڵەی زایۆنیستەکان بووە.
خۆڕاگری لە دۆخی بەرگرییەوە گەیشتووەتە هێرشکردن
ئەم شرۆڤەکارەی کاروباری ناوچەکە وتی: خۆڕاگری بەردەوام خۆیی بۆ ئەم ڕۆژانە ئامادە کردووە، پەیامەکەی محەممەد زیف فەرماندەی گشتی باڵی سەربازی بزوتنەوەی حەماس زۆر گرنگ بوو، لە ڕاستیدا خۆڕاگری لە قۆناغی بەرگرییەوە چووەتە قۆناغی هێرشکردن.
ڕویوەران بە ئاماژە بەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی ئامانجێکی ڕوونی نییە، وتی: زایۆنیستەکان سەرەتا بیریان لەوە دەکردەوە کە کاری گرووپەکانی خۆڕاگری لە ماوەی یەک هەفتەدا تەواو دەبێت بەڵام گرووپەکانی خۆڕاگری ڕایانگەیاند کە ئامادەیی یەک ساڵ شەڕی بەردەوامیان لە دژی تەل ئەبیب هەیە، کەرەستە و چەکە سەربازییەکانی خۆڕاگری لە ژێر زەویدایە و هیچ ئامانجێک لە سەر زەوی نییە، هەر ئەمەش وایکرد کە نتانیاهۆ تەنیا هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خەڵک و بەمەش ڕوبەڕوی ڕەخنەیەکی زۆری نێودەوڵەتی بووەتەوە.
وتیشی بە پێی ئەو زانیارییانە گەیشتووەتە عەبدولباری عەتوان شرۆڤەکاری باڵای جیهانی عەرەب، نتانیاهۆ گوشاری خستووەتە سەر مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر کە هەوڵی ئاگربەست بدەن، لە لایەکی دیکەوە خەڵکی میسر و ئەردەن هاتنە سنورەکانی فەڵەستین کە ئەمەش پێشهاتێکی زۆر گرنگە./.