بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە نامەکەی ئیسماعیل هەنیە بۆ حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە بە پێی زیاتربوونی دەسدرێژی و تاوانەکانی ڕژێمی داگیرکار لە دژی گەل و پیرۆزییەکانی فەڵەستین، پەیوەندییەکی زۆرمان لە گەڵ لایەنەکانی دیکە گرتووە و داوامان لەوان کردووە کە ڕێگری لە زیاتربوونی تاوانەکان و ئامانجە ڕەشەکانی دوژمن بکەن و هۆشداری ئەوەشمان داوە کە ئەم تاوانانە بە دڵنیاییەوە وەڵامی گەل و خۆڕاگری فەڵەستینی بە دواوە دەبێت.
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە نامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە پێداگری سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر بەردەوامی تاوانەکانی لە دژی گەل، خاک و پیرۆزییەکانی فەڵەستین، پێویستی بە وەڵامێکی ڕەوا و بەهێز لە لایەن خۆڕاگری لە کەرتی غەززەوە دەکرد.
ئیسماعیل هەنیە ڕایگەیاندووە کە ئەمڕۆ دوژمنی تاوانبار بە کوشندەترین چەکە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە لە هێرشە دڕندانەکانی لە دژی خەڵکی غەززە و لە گەڵ ئەوەش دەیان تاوانی گەورەی لە دژی خۆپێشاندەرانی قودس و کەرتی خۆرئاوا و ناوچە داگیرکراوەکانی ساڵی 1948 خوڵقاندووە.
ناوبراو لە کۆتایی نامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە ئێمە لە بەرامبەر ئەم تاوانە بەردەوامە، داوای هەڵوێستی بەپەلە و یەکڕیزی ئیسلامی، عەرەبی و نێودەوڵەتیمان کردووە بۆ ڕاگرتنی تاوانەکانی زایۆنیستەکان لە دژی خەڵکی گەمارۆدراوی غەززە و دانیشتووانی قودس و پیرۆزییەکانی و کۆتایی هێنان بە هەر دەسدرێژییەک بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا و نوێژخوێنانی فەڵەستینی لەو مزگەوتە./.