بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێستا ئەو چەن پارچە لە مۆسیقای ڤییەلۆن لە مامۆستا حەسەن کامکار بەجێ ماوە کە لە ماڵدا تۆمار کراوە و دەزگای پەخشی”باربۆد” لە ئەڵبوومێکدا لەژێر ناوی “ڕوح افزا”بڵاوی کردۆتەوە. لەم بەرهەمە بە جێماوەی دا دەتوانین بڵێین ڤییەلۆنی بە شێوازی مامۆستا سەبا ژەنیوە. ئەو لەم بەرهەمەدا سێ گای لە پۆزیسیۆنی سێهەم یان چوارەم دا ژەنیوە کە زۆر ئەستەمە.
ئەو، هەموو ئامێرە ئێرانییەکان وەک سەنتوور، تار، سێ تار و کەمانچەی بە بێ مامۆستا فێر بوو هەر وەها دەیتوانی بە ئاسانی ئەم ئامێرانە کۆک بکات. حەسەن کامکار لە ساڵی ۱۳٤۰ یەکەم “فێرگەی هونەری مۆسیقای کوردستان” ی بە هاوکاری وەزارەتی فەرهەنگی ئەوسەردەمە دامەزراند و لە ساڵەکانی ۱۳٤٦تا۱۳٤۷ توانی چوار گرووپی مۆسیقا بخاتە ڕێ کە گرووپێکیان بۆ ژنان و گرووپێکیش بۆمناڵان بوو.
حەسەن کامکار ساڵانێکی زۆری بۆ کۆکردنەوەی ئاواز و گۆرانی فۆلکلۆری کوردی و نۆت نووسی مۆسیقا تەرخان کرد.
کامکار هونەری مۆسیقای لە کوردستان دا پەرە پێ دا و هەشت منداڵەکەی لە گەورە بلیمەتەکانی مۆسیقای ئێرانین. یەکەم گرووپی ئۆرکێسترای بنەماڵەی کامکارەکان لە ساڵی ۱۳٤٤ دامەزرا کە لەو کۆنسێرتەدا حەسەن کامکار زۆر بە جوانی ڤییەلۆنی دەژەنی، قەشەنگ گۆرانی دەگووت، پەشەنگ و ئەرژەنگیش سەنتوور و جازیان لێدەدا هووشەنگ کامکاریش لە گەڵ بیژەن بە ئاکاردئۆن هاوکارییان دەکردن. بەڵام دواتر ئەم گرووپە لەگەڵ محەمەد ڕەزا لوتفی ، پەرویز موشکاتیان و حسەین عەلیزادە بنەمای سەرەکی گرووپی شەیدا و عارفیان دامەزراند، بەڵام لە ماوەیێکدا هەندێ کەس هێرشیان کردە فێرگە مۆسیقاییەکەی و هەموو ئامێرەکانیان شکاند. ئەم ڕووداوە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر ورەی حەسەن کامکار دان. ئەو هەموو دارایی و ئەو ئامێرە مۆسیقایانەش مابوونەوە هەمووی فرۆشت و ڕۆیشتە تاران و لە سەر ئەرکی خۆی بەبڕی ۳٥۰ هەزار تمەن بوو پشتیوانی لە گرووپی شەیدا کرد. لەڕاستیدا محەمەد ڕەزا لوتفی کە سەرپەرشتی گرووپی شەیدا بوو ئەو کاتە لەگەڵ قەشەنگ کامکاردا هاوسەرگیری کردبوو. بەو بڕە پارەیە ٥۰ دک(دەزگای تۆماروبڵاو کەرەوەی دەنگ) یان کڕی و ئاوازەکانی ناوەندی چاووشیان تۆمار دەکرد و دەیانفرۆشت. مامۆستا هووشەنگ کامکار کوڕی گەورەی ئەم بنەماڵە کە ئێستا سەرپەرشتی گرووپەکەشە سەبارەت بە ڕۆڵی باوکی لە مۆسیقای ئێران دا وتوویە:”گروپی شەیدا بە سەرپەرشتی لوتفی لە دەوری حەوزی ماڵەکەی ئێمەدا پێکهات و دواتر هاتە تاران و گەشەی سەند، بەڵام هەرکات باس لە شەیدا و عارف دەکرێت ناوی هەموو کەس دەهێنن تەنانەت جارجار ناوی براکانی منیش بەزۆر دەهێنن بەڵام باس لە حەسەن کامکار ناکەن. هەڵبەت ئێمە خۆ نوێن نییەین، نەباوکم وەها ئاکارێکی هەبوو نە ئێمەیش. بەڵام بەوجۆرە کەدەبوا ڕێزی جێگە و پێگەی باوکمیان بگرتایە نەیانگرت. من ئەمڕۆ بە ئەرکی خۆم دەزانم باسی باوکم ،چالاکییەکانی و گرووپی مۆسیقای کامکارەکان بکەم. گرووپێک کە ئەمڕۆ منداڵەکانی حەسەن کامکار لە باوکیانەوە بۆیان بە جێماوەو هەرکام لە ئەندامانی مامۆستایەکی دیاری مۆسیقای ئێرانن”.
ئێستا دەتوانین گرووپی کامکارەکان وەک پایەدارترین و کاریگەرترینی گرووپەمۆسیقاییەکان دابنێین. بەڵام هووشەنگ کامکار کە ئێستا مامۆستایەکی گەورەی بواری مۆسیقایە سەبارەت بە ڕۆڵی باوکی بەم شێوەیە دەدوێ:” ئەو کاتە لە سنەدا مامۆستای مۆسیقا نەبوو باوکم بە تەنیا وانەی مۆسیقای دەگووت هەر بۆیە هەوڵی دا شێوازی ژەندنی ئامێرەکانی تریش فێر ببێت لەبەر ئەوەی نۆتەکانی مۆسیقای بە باشی دەناسی و بە پێی دۆخی ئەوکات قوتابییەکانی فێر دەکرد. باوکم ئاواتەخواز بوو لاوانی سنە فێری مۆسیقا ببن و لەسەر فێرکردنی مناڵەکانیشی سوور بوو. خاڵێکی تر شێوازی فێرکردنی بوو، ئەو لە پۆلەکەدا زۆر سوور بوو لەسەرفێربوون. لەبیرمە چەن جارێک ئەردەشیری سزادا و وتی تا فێری ژەندنی پارچە مۆسیقای زەنگی وشتری سەبا نەبێت نابێت لە هۆدەکە بڕواتە دەرەوە. مامۆستا حەسەن لە درێژەی چالاکییەکانی دا سێ گرووپی مۆسیقای منداڵان و گەورە ساڵان(تێکەڵاوی کوڕ و کچ)و ژنانی پێکهێنا . ئەو کات لە سنەدا پێکهێنانی گرووپی مۆسیقای ژنان زۆر ئەستەم بوو. هەرکام لەم سێ گرووپە ڕێباز و گۆرانی بێژی تایبەتیان هەبوو، کۆنسێرتی زۆریان لە سنە و شارەکانی دیکەی کوردستاندا بەڕێوە برد و بوە هۆی ئاشنابوونی زۆرتری خەڵکی کوردستان لە گەڵ مۆسیقا و بانگهێشت کردنی هونەرمەندان بۆ کوردستان”.