بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ساڵانێک کە عێراق بە هۆی شەڕی ناوخۆیی و شەڕی دژ بە گرووپە تیرۆریستییەکان بەشێکی زۆری ژێرخانە ئابورییەکانی لە دەست دابوو، بازرگانان و هەناردەکارانی ئێرانی زیاترین هەناردەیان بۆ ئەم وڵاتە هەبوو، بەڵام ئێستا بە سەقامگیرتربوونی دۆخی ناوخۆیی عێراق، حکومەتی ئەم وڵاتە هەوڵی ئەوەیداوە کە قۆناغ بە قۆناغ دۆخی ژێرخانە ئابورییەکانی باشتر بکات، هەر بۆیە لە ساڵانی ڕابردوو هاوردەی هەندێک کاڵای لە وڵاتانی دەرەوە قەدەغە کرد، ئەمەش زەنگی مەترسیی بۆ هەناردەکارانی ئێرانی لێدا.
سەرەڕای ئەمەش بازاڕی عێراق هێشتا تایبەتمەندی خۆیی هەیە و زۆربەی چالاکوانانی ئەم بازاڕە لەو بڕوایەدان کە بە گۆڕینی سیاسەتە ئابوری و بازرگانییەکان، ئێران دەتوانێت بەردەوام لەم بازاڕەدا بوونی هەبێت.
عەلی شەریعەتی ئەندامی ژووری بازرگانی ئێران و هەناردەکار بۆ بازاڕی عێراق لە سەر ئەم پرسە ڕایگەیاندووە کە بە پێی دراوسێبوون و نزیکایەتی سیاسی لە نێوان ئێران و عێراق، دەتوانین هیوامان بە مانەوەی هەناردەکارانی ئێرانی لە بازاڕی عێراق هەبێت، هەرچەندە سیاسەت و شێوازی ئیدارەدانی ئەم بەشدارییەی ئێران لە بازاڕی عێراق بە پێی ئاسۆی دیاریکراو گرنگی خۆیی هەیە.
بە وتەی ناوبراو، بۆ پاراستنی پشکی ئێران لە بازاڕی عێراق دەبێت دوو سیاسەت هاوکات پەیرەو بکرێت: یەکەم: پاراستنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە ئاستی باڵا و پاراستنی پێگەی ئێران لە کۆمەڵگای عێراق و دووەم: گۆڕانکاری پێویست لە کەشی ئابوری و هەنگاونان بەرەو هەناردەی ئەو کاڵایانەی کە دەتوانێت گرنگی زیاتری بۆ کەرتی هەناردەی ئێران هەبێت. بە کردەوەش دەبێت پاڵپشتی لە هەناردەکاران بکرێت و تا ڕادەیەک سەقامگیری بە سەر یاساکانی تایبەت بەم کەرتەوە هەبێت.
بە پێی گرنگی بازاڕی عێراق بۆ هەناردەکارانی ئێرانی، ڕێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران هەوڵی ئەوەیداوە بە پێدانی زانیاری نوێ، چۆنیەتی بەشداری چالاکوانانی ئێرانی لەم بازاڕە بەرەو گۆڕانکاری ببات. بە پێی خەمڵاندانەکانی ئەم ڕێکخراوە، عێراق لە ساڵدا زیاتر لە 33 ملیار دۆلار هاوردەی کاڵای هەیە کە لەم ڕێژەیە تەنیا 7 ملیار دۆلاری بووەتە پشکی ئێران.
نەوتی خاو، زێڕ، قیرنەوت، خورما، هەنجیر و ئەناناس زیاترین هەناردەی عێراق لە خۆ دەگرێت، لە بەرامبەردا برنج، ئۆتۆمبێل و ڕۆنی ئۆتۆمبێل زیاترین هاوردەیان بۆ عێراق هەیە. بازاڕی عێراق حەشیمەتێکی 40 ملیۆن کەسی لە خۆ دەگرێت./.