جۆری تێڕوانینی خۆڕاگری فەڵەستین بە بابەتێک بە ناوی ڕژێمی ئیسرائیل و بابەتێک بە ناوی خۆڕاگری و هەروەها تێڕوانینی فەڵەستینییەکان بەرامبەر بە تواناکانیان لە لایەکەوە و هاوڕێکانیان لە سەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی لە لایەکی دیکەوە گۆڕانکاری بەرچاوی بە خۆوە بینیوە، ئەمەش بە ئاسانی لە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی کەرتی غەززە، کەرتی خۆرئاوا، قودس و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکە دەبینرێت. لێرەدا پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێکی پەیوەندیدار بدرێت:
1 – فەڵەستینییە وەفادارەکان بە ئامانج و ستراتیژی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە، بە خیانەتی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە لە جێی هیوا و چاوەڕوانی بە خیانەتکارانی دەرەکی، توانا و هێزی خۆماڵی و ناوخۆیی زیاتر بکەن، ئەمەش کاتێک بووە جیدی کە ژمارەیەک وڵاتی بە ناو دۆستیش ئەو هەنگاوەی سازشتکارانیان پەسەند کرد و ژمارەیەکی دیکە لە بەرامبەری بێدەنگییان هەڵبژارد و ئەڵبەت هەوڵی دەرفەتێکیان دەدا کە بە خێرایی پەیوەندی بە کاروانی سازشتەوە بکەن.
2 – فەڵەستینییەکان ئەمجارە وەڵامێکی قورسی ڕژێمی زایۆنیستییان دایەوە و ئەم پەیامەشیان بە دۆستان و هاوڕێیانی دوێنێ و خیانەتکارانی ئەمڕۆ دا کە جارێکی دیکە بە بێ ئەوان درێژە بە ڕێگای بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی دەدەن و لە سەر ئەم بنەمایەشە کە بە زیاتر لە هەزار مووشەکیان ئاراستەی ئیسرائیل کردووە و لە لایەکی دیکەوە بەرەیەکی یەکگرتووشیان لە غەززە، قودس، کەرتی خۆرئاوا و هەر ناوچەیەکی دیکەی فەڵەستین پێکهێنا و پەیامی خۆڕاگری و یەکڕیزییان بەرز کردەوە.
3 – فەڵەستینییەکان بە گرێبەستی سەدە و پاشان سیناریۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی لە گەڵ ئیسرائیل ئەگەرچی هەلومەرجەکەیان لە دژی خۆیان دەبینی بەڵام بێ هیوا نەبوون. هەوڵەکانی ئەوان بۆ یەکخستنەوەی بەرەی ناوخۆیی لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەستیپێکرد بەڵام لە قودس و لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە ڕێگریی لێکرا، فەڵەستینییەکان ئەمجارەش بەو ڕاستییە گەیشتن کە بیر و بڕوایان لە سەر پێویستی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی زایۆنیستەکان تەنیا ستراتیژ و ڕێکاری هەمیشەییە بۆ بەرگری لە ئامانجی گەلەکەیان و هەر بۆیە دوایین دەسکەوتەکانی خۆیان لە بواری مووشەکیدا خستەڕوو.
4 – لە ئاکامی هێرشە بەربڵاوە مووشەکییەکەی خۆڕاگری فەڵەستین بۆ سەر ڕژێمی زایۆنیستی، تەل ئەبیب لەوە تێگەیشتووە کە گەلی فەڵەستین بە تەنیا نین و لە دەرەوەی سنورەکانیان لایەنگر و پاڵپشتی بەتوانا و جیدییان گەورەتر لە وڵاتانی سازشتکار هەیە. هەروەها ڕژێمی زایۆنیستی گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەش کە لە هەر لایەکەوە مەترسی هێرشی مووشەکیی هێزەکانی خۆڕاگری فەڵەستینی لە سەرە.
5 – ڕەمەزانی ئەمساڵ و گۆڕانکارییەکانی پاش ڕۆژی جیهانی قودس، تایبەتمەندییەکی دیکەی بە دۆسیەی فەڵەستین دا کە ڕەنگە بتوانین مێژووی ڕووداوەکانی فەڵەستین بۆ پێش و پاش ئەم قۆناغە دابەش بکەین.
6 – لەم قۆناغە نوێیەش دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بکەین ڕژێمی زایۆنیستی لە بەرامبەر فەڵەستینییەکان هێندە دەستکراوە پێ نانێتە پرۆسە سەربازییەکانەوە.
7 – بەدەر لەمەش، لە نێوان فەڵەستین و ناوەندە هەستیارەکانی وەک دیمۆنا هێندە مەودایەکی دوور نییە و وەک هێرشە مووشەکییەکانی ئەم ڕۆژانەی هێزەکانی خۆڕاگری، دەکرێت بە شکستی سیستەمی بەرگری مووشەکی کڵاوەی ئاسنین مەترسی لە سەر ئەو ناوەندانەش دابنرێت.
8 – لەم گۆڕانکارییەی ئێستای فەڵەستین و لە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی هەست بە بۆشایی نەمانی شەهید سولێمانی دەکرێت بەڵام سەرکردەکانی فەڵەستین بەردەوام ئەوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەو شەهیدە ئازیزە چۆن لە بەهێزبوونی خۆڕاگری فەڵەستین لە ڕووی مووشەکییەوە ڕۆڵی هەبووە، دەسکەوتەکەشی ئەوەیە کە دەبینین چۆن زایۆنیستەکان بە هێرشە مووشەکییەکانی سەر تەل ئەبیب و شارەکانی دیکە شڵەژاون./.