بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆشکی سلێمانی کە هاوناوی سی و چوارەمین منداڵی فەتحعەلی شای قاجاڕە، لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوو بە چەند هۆکارێک زیانی پێگەیشتووە و بە ڕووی گەشتیاراندا داخراوە. لە ئاکامدا بە پێی ڕێکەوتنێک کە لە گەڵ کۆلێژی کشتووکاڵی زانکۆی تاران کرا، ئەم کۆشکە درایەوە وەزارەتی گەشتیاری و پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی دەستیپێکرد.
لە ماوەی سێ ساڵیش کارکردن لە سەر نۆژەنکردنەوەی ئەم بینا مێژووییە، بەشی ناو و دەرەوەی بەرەو تەواوبوون دەڕوات و ئێستا داهاتوویەکی باشتر چاوەڕوانی دەکات و بڕیارە وەک مۆزەخانەی دیمەنە مێژووییەکانی پارێزگای ئەلبورز (کەرەج) پێشوازی لە گەشتیاران بکات.
بەڕێوەبەری گشتی گەشتیاری پارێزگای ئەلبورز ڕایگەیاندووە کە کۆشکی سلێمانی کەوتووەتە نێو کۆلێژی کشتووکاڵی زانکۆی تاران لە گەڕەکی مسباحی کەرەج.
کۆشکی سلێمانی لە سەر فەرمانی فەتحعەلی شای قاجاڕ لە ساڵانی 1225 تا 1227 ی کۆچی مانگی درووستکراوە. فەتحعەلی شای قاجاڕ دووەم شای قاجاڕ بووە و بە بۆنەی لەدایکبوونی سی و چوارەم منداڵی خۆی فەرمانی درووستکردنی کۆشکەکەی دەرکرد و ئەندازیارەکەشی کەسێک بە ناوی محەممەد حوسێن خان نزام دەولەی ئەسفەهانی بووە.
تایبەتمەندی هەرە گرنگی کۆشکی سلێمانی بە هۆی دیمەنە مێژووییەکانە کە لە لایەن عەبدوڵڵا خان نەقاش باشی لە هۆڵی سەرەکی ئەم کۆشکەدا نەخشراوە و لە ساڵی 1327 بە ژمارە 370 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
بینای ئەم کۆشکە بە تەواوی لە خشت درووستکراوە. لە بەشی ڕۆژهەڵاتی بیناکەش تاوەرێکی 5 نهۆمی بووە کە لە ئێستادا تەنیا یەک نهۆمی ماوەتەوە.
بە هۆی دیمەنە مێژووییەکانەوە ئەم کۆشکە دەکرێتە مۆزەخانە و بڕیارە پێشوازی لە گەشتیاران بکات./.