بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە خەندان، لە پاش حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو قەڵەوی بە سێ هێندە زیادی کردووە، لە ئێستادا قەڵەوی زیاتر لە بەدخۆراکی خەڵک دەکوژێت، ئەوەی زۆر جێگای ناڕەحەتییە، ئەوەیە کە لە منداڵانیشدا لە زیادبووندایە، نزیکەی چل ملیۆن منداڵ لە خوار تەمەنی پێنج ساڵی بە قەڵەو هەژمار دەکرێن، لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا ساڵانە نزیکەی حەوت ملیار دۆلار بۆ چارەسەری ئەو حاڵەتانەی کە پەیوەستن بە قەڵەوی، خەرج دەکرێت.
دکتۆر عارف گۆران پسپۆڕی ڕاوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو چەند زانیارییەکی گرنگی سەبارەت بە گرفتەکان، هۆکار و چارەسەری قەڵەوی خستووەتەڕوو کە لە درێژەدا هاتووە:
کێشەکانی قەڵەوی:
تێبینی کراوە قەڵەوی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی، مەرج نییە هەموو کەسێکی قەڵەو ئەو کێشانەیان هەبێت، بەڵام ئەو نەخۆشییانە زۆر زیاترن لە کەسانی قەڵەو بەراورد لە گەڵ ئەو کەسانەی کێشیان ئاساییە، لەوانە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو، نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزەفشاری خوێن، جەڵتەی مێشک، بەردی زراو، زیادبوونی چەوری خوێن، نەخۆشییەکانی جومگە وەک نەخۆشی سوانی جومگە.
کێشەی تەنگەنەفەسی بە تایبەت قەڵەوی دەبێتە هۆی حاڵەتێک کە نەخۆش لە شەدا پرخەی زیاد دەبێت و تەنانەت بە شێوەیەکی کاتی هەناسەدانی دەوەستێت، ئەو کەسانە پێویستیان بە ئامێری سی پاپ دەبێت لە کاتی خەوتن. کۆمەڵێک جۆری شێرپەنجە بە تایبەت شێرپەنجەی مەمک و قۆڵۆن بە ڕێژەیەکی زیاتر دەبینرێت لە کەسانی قەڵەو، بەشێکی زۆر لە کەسانی قەڵەو تووشی خەمۆکی دەبن.
هۆکارەکانی قەڵەوی:
هەرچەندە هۆکاری بۆ ماوەیی و هەندێک نەخۆشی و بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان هۆکاری زیادبوونی کێش و قەڵەوین بەڵام بە شێوەیەکی گشتی هۆکاری سەرەکی قەڵەوی زیاد خواردن و کەم سەرفکردنی وزەیە. بەدەر لە بڕێکی زۆر لە خواردن، جۆری خواردن هۆکارێکی گرنگە بۆ قەڵەوی، بۆ نموونە خواردنی خێرا هاوشێوەی ماکدۆناڵد بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەڵەوی دادەنرێت لە زۆر ناوچەی جیهان. ئەمەش بەدەر لە خواردنە گازییەکان کە بڕێکی زۆر شەکریان تێدایە.
هەندێک لە جۆرەکانی کحول بڕێکی زۆر کالۆری تێدایە و یەکێکە لە هۆکارەکانی قەڵەوی. لە ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی کۆمەڵە خواردنێکی ئامادەکراو کە لە مۆڵەکانی خواردن دەفرۆشرێت بڕێکی زۆر لە چەوری و شەکری تێدایە، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی قەڵەوی لە نێو خەڵکی کەم دەرامەت، لە بەر ئەوەی نە نرخەکەی هەرزانترە.
پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا کۆمەڵێک کێشەی تەندرووستی لە گەڵ خۆیدا هێناوە. بەدەر لە سەرهەڵدانی خواردنە خێراکان، مرۆڤ وەک پێشتر وزە سەرف ناکات. بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە مرۆڤی تووشی تەمبەڵی کردووە، تەنانەت بەشێکی زۆری خەڵک بۆ چەند کاتژمێرێک لە هەفتە بە پێ ناڕۆن و هیچ جۆرە وەرزشێک ناکەن، هەر لە بەر ئەوەیە کە قەڵەوی بە نەخۆشی سەردەم دەناسرێت.
قەڵەوی و کۆرۆنا:
کەسانی قەڵەو تووشی کۆمەڵە کێشەیەکی دیکە دەبن لە کاتی چارەسەری وەرگرتن یان خەوتاندن لە نەخۆشخانە بۆ هەر حاڵەتێکی پێویست. دەتوانین پەتای کۆرۆنا وەک نموونەیەک ناو ببەین. ئێستا دەزانین کە کەسانی قەڵەو لە ئەگەری توشبوون بە ڤایرۆسەکە زیاتر ناڕەحەت دەبن و زیاتر پێویستیان بە چارەسەری چڕ دەبێت.
قەڵەوی یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن لە نێو توشبووانی کۆرۆنا، هەر بۆیە کەسانی قەڵەو دەبێت لە ڕیزی پێشەوەی خەڵک بن بۆ وەرگرتنی ڤاکسێن.
چارەسەری قەڵەوی بە دەرمان:
لە ئێستادا هیج دەرمانێکی کاریگەر نییە بۆ دابەزاندنی کێش، لە چەند ساڵی ڕابردوو کۆمەڵێک دەرمان کە بۆ چارەسەری قەڵەوی بەکار دەهێنران، هەموویان ڕاگیران. لە بەر ئەوەی کە دەرکەوت کۆمەڵە کێشەیەکی لاوەکییان درووست دەکەن کە بۆی هەیە ژیانی نەخۆش بخاتە مەترسییەوە، لە کاتی ئێستادا بەدەر لە جۆرێک دەرزی کە بۆ چارەسەری نەخۆشانی شەکرەی جۆری دوو بەکار دێت هیچ دەرمانێکی دیکە لە بەردەست نییە کە یارمەتی دابەزاندنی کێشی مرۆڤ بدات.
کۆمەڵێک حەب و دەرمان کە بەشێکیان لە گیا درووستکراون، بانگەشەیان بۆ دەکرێت کە یارمەتی کێش دابەزین دەدەن، بەدەر لە هەدەردانی پارە هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە بەردەستدا نییە کە کاریگەری و سوودی ئەو دەرمانانە پیشان بدەن.
چارەسەری قەڵەوی بە نەشتەرگەری:
ئەو کەسانەی زۆر قەڵەون و نەخۆشی دیکەیان هەیە وەک شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ، دەکرێت نەشتەرگەری وەک ڕێگایەکی کاریگەر بۆ چارەسەری هەژمار بکرێت، تەنانەت تێبینی کراوە لە گەڵ دابەزاندنی کێش پاش نەشتەرگەری بەشێک لە نەخۆشییەکانیش بۆ نموونە نەخۆشی شەکرە بە تەواوی کۆنتڕۆڵ دەکرێت.
دەبێت ئەوە بوترێت بەشی هەرەزۆری قەڵەوەکان پێویستیان بەو جۆرە نەشتەرگەرییە نابێت و لە هەمان کاتدا لە بەشێکی ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ کراوە بۆی هەیە تووشی هەندێک کێشەی لاوەکی ببنەوە هۆی نەشتەرگەرییەکە، ئەمەش تا ڕادەیەک دەوەستێتە جۆری نەشتەرگەرییەکە.
ڕێنمایی پزیشک:
ئەگەر بە چەند دێڕێکی کەم ئامۆژگاری بگەێنم بۆ ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کێشیان دابەزێنن، ئەوە بەدەر لە کەمکردنەوەی بڕی خواردن، دەبێت بە ڕێژەیەکی بەرچاو کاربۆهیدرات کەم بکرێتەوە، کاربۆهیدرات زیاتر خۆی لە نان و برنجدا دەبینێتەوە، کەمکردنەوەی خواردنی چەور، لە بڕی خواردنە گازییەکان کە پڕن لە شەکر ئاو بخۆنەوە، شیرەمەنی بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بخورێت، تاکوو دەکرێت خواردن لە درەنگانی شەو نەخورێت، لە ڕاستیدا خواردن لە شەو لە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکاری سەرەکی قەڵەوییە.
زۆر گرنگە کە وەرزش بکرێت، ئەگەر ئەوەش نەکرا، دەبێت هەوڵ بدرێت ڕۆژانە کاتژمێرێک بە پێ بڕۆن، لە ڕاستیدا ڕۆیشتن بە تایبەت بە خێراڕۆیشتن یەکێکە لە شێوازە هەرەباشەکانی وەرزش. لە هەموو شتتێک گرنگتر ئەوەیە کەسەکە دەبێت بزانێت پرۆسەی دابەزاندنی کێش هێندە ئاسان نییە، کەسانی قەڵەو دەبێت ئەوە بزانن ئەو کارە پێویستی بە کاتە و دەبێت پێش دەستپێکردن بە پرۆسەی دابەزاندنی کێش لە ڕووی دەروونییەوە خۆی ئامادە بکات./.