بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەیبەتووڵا ئاخوندزادە سەرکردەی گرووپی تاڵیبان پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەمریکا و ناتۆ کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە ئەفغانستان بەڵام لە هەمان کاتدا لە سەر پێشێلکردنی ڕێکەوتنەکەی دەوحە هۆشداریی دایە دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی.
ناوبراو لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، جەختی لە سەر جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی ڕێکەوتنی دەوحە لە نێوان تاڵیبان و واشنتن کردەوە.
هەیبەتووڵا ڕایگەیاندووە کە بە پێچەوانەی بەڵێنەکەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی دەوحە، زیندانییەکانی تاڵیبان لە لایەن حکومەتی ئەفغانستانەوە ئازاد نەکراون و هێشتا ناوی سەرکردەکانی تاڵیبانیش لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نەهێنراوەتە دەرەوە.
سەرکردەی تاڵیبان ڕایگەیاندووە کە ئەگەر ئەمریکا پابەندی بەڵێنەکانی نەبێت، جیهان دەبێت بزانێت بەرپرسیاریەتییەکەی لە ئەستۆی ئەو وڵاتە دەبێت./.