عەبدولستار مەجید لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس وتی: ژمارەیەک لە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی ئیسلامی بوونەتە پاشکۆ و دەستەمۆی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا و لە ژێریشەوە قەوارەی جولەکە.
ناوبراو وتی: وشیاری موسڵمانان لە جیهانی ئیسلام بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێگری لەوە دەکات کە پیلانەکانی وەک گرێبەستی سەدە بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت و بگاتە ئەنجام.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
ڕۆڵ و کاریگەری بڕیارەکەی ئیمام خومەینی (رە) لە دیاریکردنی کۆتا هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وەک ڕۆژی جیهانی قودس چۆن دەبینن؟
دیاریکردن و تایبەتکردنی ڕۆژێک لە ساڵێکدا بۆ کێشە و پرسێکی گەورەی وەک قودس کە ڕووگەی یەکەمی موسڵمانانە، بۆ وەبیرهێنانەوەی گەلانی موسڵمان کارێکی زۆر باشە، بەڵام باشتر لەوە نەهێشتنی ئەو جیاوازی و ناکۆکییە زۆرەیە کە لە نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا هەیە و سام و هێز و پێزی لە بەرامبەر دوژمن و نەیارەکانیدا بۆ نەهێشتووەتەوە. بۆ ئێمەی موسڵمان و پەیرەوی ئائینی ئیسلام قودس خاکێکی پیرۆزە و لە سایەی دڵڕەقی و بێویژدانی و ئامرۆڤیی سیستەمی جیهانی کە ئەمریکا و قەوارەی جولەکە خاوەندارێتی دەکەن، شارەکە داگیرکراوە و خەڵکەکەشی دەربەدەرکراون.
ئەم بڕیارە تا چەندە دۆسیەی فەڵەستینی بە زیندوویی هێشووەتەوە؟
بەداخەوە 22 دەوڵەتی عەرەبی هەیە و ڕۆژانە بە بەرچاوانی ئەوانەوە خەڵکی موسڵمانی فەڵەستین دەکوژرێن و دەگیرێن و دەربەدەر دەکرێن و ماڵ و سامان و خاک و زەوی و زاریان داگیر دەکرێت، ئەوانە نەک هەر بینەری ئەم تاوانانەن بەڵکوو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیشیان لە گەڵ قەوارەی جولەکە دەستپێکردووە. هەر بۆیە بە بۆچوونی من ڕۆژی جیهانی قودس لانیکەم ساڵێک جارێک ئەو پرسە وەبیردێنێتەوە و ناهێڵێت کە لای وڵاتان و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان و خەڵکانی موسڵمان و ئازادیخواز لەبیر بکرێت.
هۆی پەرتەوازەیی وڵاتانی ئیسلامی لە سەر داکۆکی لە مافی گەلی فەڵەستین بە چی دەزانن؟
ئاشکرایە کە ئەو ڕژێم و دەسەڵاتدارانەی کە حوکمی وڵاتە ئیسلامی و موسڵمان نشینەکانی جیهانی ئیسلام دەکەن، پاشکۆ و دەستەمۆی ڕۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکا و لە ژێریشەوە قەوارەی جولەکەن. شتێک لە ئەجێندا و سیاسەت و ستراتیژیاندا بە ناوی دۆسیەی فەڵەستین و پرسی داگیرکردنی خاکی پیرۆزی قودس و چەوساندنەوەی گەلەکەیدا نییە و هەنگاوەکانی ئەوان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و قەوارەی جولەکەیە و هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکی ناکۆکی و پەرتەوازەییە لە سەر ئەم دۆسیە گرنگە.
ئەرکی موسڵمانان لە دژایەتی پیلانگێڕی گرێبەستی سەدە وەک هەوڵێکی دوژمنان بۆ لەناوبردنی مافی گەلی فەڵەستین چییە؟
لە ڕاستیدا موسڵمانان لاواز و بێدەسەڵات کراون و وەک ئاماژەشم پێدا، لە وڵاتانی خۆیاندا مەحکومن بە دەسەڵاتی چەند ڕژێمێکی بەسراوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا خۆشبەختانە جۆرێک لە وشیاری لە سەر ئاستی جیهانی ئیسلام بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدی دەکرێت. بێگومان دەربڕینی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی گەورە دژ بە گرێبەستی مەترسیداری سەدە کاریگەری خۆی دەبێت و وا لە دوژمنان دەکات کە بەو ئاسانییەش نەتوانن خاکی موسڵمانان بەش بەش و داگیر بکەن و بیر لەوە بکەنەوە کە ئەو ستەمکاری و زوڵمە تا سەر نابێت.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد