ئاراس محەممەد لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، سەبارەت بە ڕۆژی جیهانی قودس، وتی: وڵاتانی عەرەبی بێ هەڵوێست و ترسنۆکانە مامەڵەیان لە گەڵ دۆسیەی فەڵەستین کردووە.
ناوبراو وتی کە بڕیارەکەی ئیمام خومەینی (رە) ڕۆڵی گەورەی لە زیندووهێشتنەوەی دۆسیەی فەڵەستین وەک دۆسیەی یەکەم و نێودەوڵەتی جیهانی ئیسلام هەبووە.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
ڕۆڵ و کاریگەری بڕیارەکەی ئیمام خومەینی (رە) لە دیاریکردنی کۆتای هەینی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان وەک ڕۆژی جیهانی قودس چۆن دەبینن؟
لە ڕاستیدا ئەگەر بمانەوێت باس لە بەرەوپێشچوون و زیندووهێشتنەوەی دۆسیەی قودس بکەین، وەک دۆسیەی یەکەم و نێودەوڵەتی جیهانی ئیسلام، ناکرێت و ناتوانین ڕۆڵ و کاریگەری بڕیارەکەی ئیمام خومەینی (رە) بە گرنگ ناو نەبەین. دیاریکردنی ڕۆژێک بۆ زیندووهێشتنەوەی ئەم دۆسیەیە کە تا ئێستا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، گرنگی و تایبەتمەندی خۆیی هەیە، ئەمەش دووربینی ڕێبەری گەورەی ئێران پیشان دەدات تا ڕێگری لەوە بکرێت هەوڵ و پیلانگێڕی دوژمنان دۆسیەی فەڵەستین لای کۆمەڵگای ئیسلامی لەبیر ببات.
بڕیارەکە تا چەندە دۆسیەی فەڵەستینی بە زیندوویی هێشتووەتەوە؟
بڕیارەکە زۆر گرنگ و بوێرانە بووە و تا ئێستاش بە هۆی ئەو بڕیارەوە قودس و دۆسیەی فەڵەستین بەردەوام لای خەڵکی موسڵمان بە زیندوویی ماوەتەوە و وەک کێشەی سەرەکی جیهانی ئیسلامە. ئێمە هەموو ساڵێک بەشداری لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بەو یادە دەکەین و بە گرنگیشی دەزانین کە هەوڵەکانی موسڵمانان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و ئازادکردنەوەی خاکی فەڵەستین چڕ بکرێتەوە و هەر چالاکییەکیش لەم ڕۆژەدا بە ئەرکێکی پیرۆزی ئائینی دەزانین.
هۆی پەرتەوازەیی وڵاتانی ئیسلامی لە پاڵپشتی مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین لە بەرامبەر ڕژێمی زایۆنیستی چییە؟
لە بنەڕەتدا پەرتەوازەیی و خەمساردی جیهانی ئیسلام بە تایبەت وڵاتانی عەرەبی هۆکاری ئاڵۆزبوون و درێژەپێدان و چارەسەرنەبوونی دۆسیەی فەڵەستین بووە، دەتوانین بڵێین کە وڵاتانی عەرەبی بە هۆکاری جیاجیا ترسنۆکانە مامەڵەیان لە گەڵ ئەم دۆسیەدا کردووە. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە موسڵمانان دژی پیلانگێڕییەکەی ئەمریکا بە ناوی گرێبەستی سەدە بۆ ڕێگری لە لەناوچوونی دۆسیەی فەڵەستین بوەستنەوە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد