بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، باخی دەوڵەت ئاوای یەزد لە ڕیزی میراتە تۆمارکراوەکانی ڕێکخراوی یۆنسکۆیە و لە گەڕەکی چوار میناری شاری یەزدە لە کۆڵانی فیردەوسی. ئەم باخە وەک نموونەیەکی زۆر گرنگی باخە مێژووییەکانی ئێران دادەنرێت کە لە ساڵی 1160 ی کۆچی مانگی لە سەردەمی زەندییەکان بونیاد نراوە. ئەم باخە یەکێک لە بینا ئاوەدانکراوەکانی محەممەد تەقی خان ناسراو بە خانی گەورە، گەورەی خانەکانی یەزد و پیاوی بەهێزی ئەو سەردەمە بووە. سەرەتا کارێزێکی بە ناوی دەوڵەت ئاوا درووست کرد و پاشان لە ئاوی ئەو کارێزە باخی دەوڵەت ئاواشی کردەوە.
باخی دەوڵەت ئاوای یەزد ڕوبەرەکەی زیاتر لە 6 هێکتارە، کارێزەکەی مێژوویەکی زیاتری هەیە کە ڕۆڵی گەورەی لە کردنەوەی باخەکەدا هەبووە، ئەم کارێزە درێژاییەکەی نزیکەی 60 کیلۆمەترە کە بە یەکێک لە گرنگترین و درێژترین کارێزەکانی شاری یەزد دادەنرێت، سەرچاوەی ئاوەکەشی بۆ بەرزاییەکانی مێهریز دەگەڕێتەوە.
سێ بینای سەرەکیی تێدایە بە ناوەکانی عیمارەتی هەشتی، عیمارەتی تەنبی و عیمارەتی سەردەر کە شکۆیەکی تایبەتیان بە باخی دەوڵەت ئاوا داوە.
لەم باخە بۆ دوو مەبەستی نیشتەجێبوون و حکومی کەڵک وەرگیراوە، چەندین ڕێوڕەسمی گرنگی حکومیی ئەو سەردەمە، هەروەها ڕێوڕەسمە وەرزشییەکانی تێدا بەڕێوەچووە، بەدەر لەمەش شوێنی بەڕێوەبردنی شارەکە بووە.
سەرچاوەی سەرەکی ئاوی ئەم باخە، کارێزی دەوڵەت ئاوایە، بەدەر لە ئاوی کارێزەکە و بە تایبەت لە کاتی وشکەساڵیدا بیرێک هەبووە بە ناوی گاوەڕۆ لە بەشی ڕۆژهەڵاتی باخەکە کە لە کاتی پێویستدا ئاوەکەی بەکار دەهات. لە سەرجەم بەشەکانی ئەم باخە ئاو دەبینرێت.
باخەکە بە هۆی بەشێکەوە بە ناوی بادگیر لە نێو باخە مێژووییەکانی ئێراندا ناوبانگی زیاتری هەیە کە نزیکەی 40 مەتر بەرزیی هەیە و لە سەر ئاستی جیهان لەم بوارەدا پلەی یەکەمی هەیە، بیناکە بووەتە هۆی هێنانی هەوایەکی زۆر فێنک و بەم هۆیەشەوە بە بینای هاوینە ناوی نراوە.
لە ئێستادا باخی دەوڵەت ئاوا بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری یەزد لە ئێران دادەنرێت کە تا پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک و گەشتیاران سەردانیان کردووە./.