بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نۆسەیف جاسم خەتابی پارێزگاری کەربەلا ڕایگەیاند کە چالاکی هەزار هوتێل لە ژێر کاریگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕاگیراوە و بەم هۆیەشەوە زیاتر لە 60 هەزار کرێکار بێکار بوون.
ناوبراو وتی کە دۆخی گەشتیاری لەم پارێزگایە زیاتر لە یەک ساڵە بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە.
خەتابی وتی: کۆرۆنا چالاکی زیاتر لە هەزار هوتێل واتە لە سەدا 65 ی هوتێلەکانی کەربەلای ڕاگرتووە و زیاتر لە 60 هەزرا کرێکاریش بەم هۆیەوە کارەکانی خۆیان لە دەست داوە و بە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بەم کەرتە گەیشتووە.
پارێزگاری کەربەلا وتی کە نیگەرانییە ئابورییەکانی ئێستامان بە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیاندووە.
ناوبراو وتی کە بڕیارمان داوە پێدانی ڤێزە بە گرووپە گەشتیارییەکانی زیاتر لە دە کەس بە ئاسانکاری تەواو بێت و لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنورییەکان لە زووترین کاتدا بەوان بدرێت، بە مەرجی ئەوەی کە پێشتر بە شێوازی ئەلکترۆنی ناوەکانیان تۆمار کرابێت و ڕێکەوتنیش لە گەڵ کۆمپانیایەکی گەشتیاری عێراقی هەبێت./.