بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەواد هنداوی باڵیۆزی پێشووی عێراق لە قەتەر لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی ڕایگەیاند: ئێمە لەم ناوچەیەن و دەزانین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێکە لە ڕاستییەکان و هێز و کاریگەری ئەم وڵاتە بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە. ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و سیاسەتی دەرەوە بە تایبەت لە ساڵانی ڕابردوو بەدەستی هێناوە، سەرکەوتن و دەسکەوتی ستراتیژییە کە لەمەش بۆ گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی و هەڵگرتنی گەمارۆکان کەڵک وەردەگرێت.
ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە بۆ دەسکەوتەکانی تاران بە ستراتیژی دەزانێت، وتی: ئەو گۆڕانکارییانەی کە تاران خوڵقاندوویەتی ڕەهەندی ئابوری، سیاسی و دیپلۆماسی هەیە و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕووسیا و چین کە لە سەر بنەمای ئامانج و بەرژەوەندی هاوبەشە و هەروەها پەیوەندیی لە گەڵ وڵاتانی دیکەش خاڵێکی زۆر گرنگە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران.
هنداوی بە ئاماژە بە ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان ئێران و چین، وتی: ڕێکەوتنی ستراتیژی و چارەنووسساز لە گەڵ چین تایبەتمەندی سیاسیی بۆ ئێران هەیە، هەروەها بەدەر لە چین دەبێتە هۆی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەو وڵاتانەش کە لە گەڵ پەکین پەیوەندییان هەیە.
باڵیۆزی پێشووی عێراق لە قەتەر بە ئاماژە بە هاوکاری ئەمنی و سەربازی نێوان ئێران و ڕووسیا لە سوریا، وتی: بە گشتی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ ڕووسیا و چین گرنگییەکی زۆری لە ئاستی دووقۆڵی و چەندقۆڵی و هەروەها جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە هەیە، ئەمەش هەمان خاڵی مەترسییە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا و تەنانەت لە دەیەی 70 کەسانی وەک هێنری کسینجەر هۆشداریی بە سەرۆک کۆماری ئەمریکا دابوو. دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا گرنگیی بەم بابەتە نەدا و یەکگرتنێکی بەهێز لە نێوان ئێران، ڕووسیا و چین مسۆگەر بووە.
جەواد هنداوی وتی: ڕێکەوتنی هاوکارییەکانی ئێران و چین و هەروەها ڕێکەوتنی ئەمنی و سەربازی ئێران و ڕووسیا وەک ئامادەکارییەکە بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی ئاسیایی کە وڵاتانی بەهێزی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ئەم کیشوەرە دەبینرێن، ئەم هاوپەیمانییە دەتوانێت ببێتە هۆکاری ڕاکێشانی وڵاتانی دیکەی وەک هیندستان، ئەم هاوپەیمانییەش لە قۆناغی لاوازبوونی ئەمریکایە لە ناوچەکە.
ناوبراو سەبارەت بە هۆکارەکانی بەهێزبوونی ئێران لە ناوچەکە، وتی: ئێران بە هۆی پێگەی ستراتیژی، سەرچاوەی سرووشتی و مرۆڤی و زیاتر لە هەمووش بە هۆی هۆکارە سیاسییەکانی نزیکبوونەوە لە دوو زلهێزی وەک ڕووسیا و چین گەیشتووەتە پێگەی تایبەت لە ناوچەکە. کۆماری ئیسلامی ئێران سەرەڕای سزا و گەمارۆکان، پێگەی خۆیی لە ئاستی ناوچەکە و جیهان پاراستووە و تەنانەت لە دژی گەمارۆکانی ئەمریکا هاوکاری وڵاتانی وەک سوریا و ڤەنزولیاشی کردووە.
وتیشی کە ئێران سەرکەوتووانە قەیرانەکانی وەک ڕێکەوتنی ناوەکی و کشانەوەی ئەمریکا، سزاکانی ئەمریکا، ئەورووپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، گوشارە سەربازییەکانی سەر دۆسیەی مووشەکی بالستی، گوشارەکانی تایبەت بە پاڵپشتی لە گرووپەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکەی تێپەڕ کردووە.
باڵیۆزی پێشووی ئێران لە قەتەر لە کۆتاییدا وتی: ئێران سەرەڕای سەرجەم گوشار و هەڕەشەکان، سەربەخۆیی و سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری خۆیی پاراستووە./.