بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە میانەی وتووێژی لە گەڵ پەیامنێرانی ئێرانی لە بەغدا وتی کە پەیوەندییەکانی ئێران – عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا بەرەو گەشەسەندن دەڕوات.
ناوبراو وتی: ئێران پاڵپشتی لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و جیهانی عەرەب دەکات، تاران پاڵپشتی لە هەر هەوڵێکی نزیکبوونەوەی عێراق و وڵاتانی عەرەبی، دراوسێ و ناوچەکە دەکات و هاندەری دەبێت.
ناوبراو جەختیکردەوە کە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەرژەوەندی عێراق و ناوچەکە نییە و هێزە چەکدارەکانی عێراقیش توانای پاراستنی ئاسایشی ئەم وڵاتەیان هەیە.
پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق لە ساڵی ڕابردوو:
باڵیۆزی ئێران لە عێراق پیرۆزبایی مانگی ڕەمەزانی لە سەرجەم گەلانی موسڵمان بە تایبەت گەلانی ئێران و عێراق کرد و وتی: لە ساڵی ڕابردوو سەرەڕای هاتنەسەرکاری حکومەتی نوێی عێراق و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا گەشەی سەندووە.
ناوبراو وتی: سەردانیکردنی ئێران لە لایەن سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوە و بەرپرسانی دیکەی عێراقەوە بووەتە هۆی گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان و ئاسۆی بەردەم هاوکارییەکانی هەر دوو لا بە ڕوونی دەبینرێت.
مەسجدی وتی: ڕەنگە گرنگترین بابەتی پەیوەندییەکانی نێوان گەلانی ئێران و عێراق لە ساڵی ڕابردوو، کەمتربوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکان بێت، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتووچۆی گەشتیاران و زیارەتکارانی بۆ هەر دوو وڵات بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمکردەوە.
بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە بەرژەوەندی عێراق و ناوچەکە نییە:
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق وتی کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی ئەوان لە عێراق بە گشتی لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە نییە.
ئیرەج مەسجدی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گەڕی سێهەمی وتووێژی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن وتی: بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق جەخت لە سەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم وڵاتە دەکاتەوە و لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشەوە بوونی هێزە سەربازییەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق لە بەرژەوەندی ئەم وڵاتە و گەلانی ناوچەکە نییە.
ناوبراو بە ئاماژە بە سەردانەکەی ئەم دواییەی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بۆ تاران وتی: یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی وتووێژەکانی ئەعرەجی بەدەر لە دۆخی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات و هەماهەنگی ئەمنی نێوانیان، پرسی وتووێژی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن بووە.
بە وتەی ناوبراو، ئەعرەجی لە سەر بانگهێشتی فەرمی عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران سەردانی تارانی کرد و لە گەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئێران کۆبووە.
ئیرەج مەسجدی وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕاشکاوانە بۆچوونی خۆیی سەبارەت بە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بە بەرپرسانی عێراقی ڕاگەیاندووە.
وتیشی کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە بەرژەوەندی ئەم وڵاتە و گەلانی ناوچەکە نییە لە بەر ئەوەی کە ئەمریکییەکان تەنتا گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەدەن.
باڵیۆزی ئێران وتی کە هێزە چەکدارەکانی عێراق توانای دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ئەم وڵاتەیان هەیە و پێویست بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە ناکات.
مەسجدی ئاماژەشی بە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی بێگانە لەم وڵاتە دا و وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پێی وایە دەبێت ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت.
ئێران پێشوازی لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەکات:
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی هەندێک هەواڵ و زانیاری سەبارەت بە نێوەندگێڕی عێراق بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە وتی: ئێران پاڵپشتی لە هەر هەوڵێک دەکات کە بگاتە گەشەپێدانی پەیوەندییەکان، هاوکاری و نزیکایەتی نێوان عێراق و وڵاتانی عەرەبی، دراوسێ و ناوچەکە و هاندەریشی دەبێت.
مەسجدی وتی: بە بۆچوونی من بەشێک لە هەوڵی نێوەندگێڕی عێراق بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بۆ گەڕانەوەی پێگەی سیاسی ئەم وڵاتە لە سەر ئاستی جیهانی عەرەبی و ئیسلامی دەگەڕێتەوە و ئێمەش پاڵپشتی لەم سیاسەتەی عێراق دەکەین.
وتیشی: ئەگەر عێراق بتوانێت هەر ڕۆڵێک لە پێناو نزیککردنەوەی ئێران و ئەو وڵاتانە بگێڕێت کە تا ڕادەیەک لە گەڵ ئەوان تووشی کێشە بووینەتەوە یان پەیوەندییەکانمان بەرەو ساردبوونەوە ڕۆیشتووە یان هاوکارییە سیاسییەکانمان لە گەڵ ئەوان ڕاگیراوە، ئێمە خۆشحاڵ دەبین، واتە کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم هەڵوێستەی پێشتر بە بەرپرسانی عێراقی ڕاگەیاندووە.
باڵیۆزی ئێران عێراقی بە وڵاتێکی دۆست و دراوسێ ناو برد و پاڵپشتی تارانی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەم وڵاتە لە ناوچەکە ڕاگەیاند.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک کە ئایا هەوڵەکانی نێوەندگێڕی عێراق بە کردەوە دەسکەوتێکی هەبووە یان نە؟ وتی: سەبارەت بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئەنجامێکی ڕوون و بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو نەگەیشتووە، باشترە چاوەڕوان بین تا لە داهاتوودا بزانین بە کوێ دەگات.
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق گرنگ و چارەنووسسازە:
لە باڵیۆزی ئێران پرسیار کرا کە لە عێراق و ناوچەکە هەندێک دەیانەوێت هەڵوێستی تاران لە سەر هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق بزانن کە ناوبراو لە وەڵامدا وتی: ئێمە پاڵپشتی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان وەک بنەمایەکی دیمۆکراسی و گرنگیدان بە دەنگی خەڵک دەکەین، ئێران ڕێز لە دەنگ و هەڵبژاردنی گەلی عێراق دەگرێت و هەر حکومەتێکیش کە لە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە و لە پرۆسەیەکی یاساییدا بڕیاربەدەستی عێرا بێت لای ئێمەوە پاڵپشتی دەکرێت.
ناوبراو وتی کە بە لای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لایەن و کەسێک گرنگ نییە بەڵکوو گرنگ ئەوەیە کە هەڵبژاردنەکان بە بەشداری زۆرینەی خەڵک و لە سەر داواکاری و خواستی ئەوان بەڕێوە بچێت.
مەسجدی وتی: ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی عێراق گرنگ و چارەنووسسازە، ئەم هەڵبژاردنانە لە پاش خۆپێشاندانەکان و هاتنەسەرکاری مستەفا کازمی و بەڵێنی ناوبراو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت و ئێرانیش ڕێز لە دەنگ و هەڵبژاردنی گەلی عێراق دەگرێت.
دۆسیەی تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس بەدواداچوونی بۆ دەکرێت:
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە دوایین دۆخی دۆسیەی تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس وتی کە لە پاش سەردانەکەی ئایەتووڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی دەزگای دادی ئێران بۆ عێراق، هەر دوو وڵات بە جیدی بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکەن.
ئیرەج مەسجدی جەختیکردەوە کە هاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە سەر ئەم دۆسیەیە بەردەوامە.
پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق بەرەو گەشەسەندن دەڕوات:
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق بە ئاماژە بە هاتووچۆی بەرپرسانی هەر دوو وڵات جەختیکردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا ڕۆژانێکی باش تێپەڕ دەکات.
ناوبراو وتی کە سەرەڕای قەیرانی کۆرۆنا لە بواری ئابوری و بازرگانی ڕێکەوتنی باش کراوە و هاتووچۆی بەرپرسانی پەیوەندیداری هەر دوو وڵاتیش بەردەوامە.
مەسجدی یەکێک لە گرنگترین ڕێکەوتنەکانی بە ڕێکەوتنی پەرەپێدانی هێڵی ئاسنی نێوان ئێران و عێراق لە ڕێگای بەسرە – شەلەمچە – خوڕەمشار ناو برد و وتی کە ڕێکەوتنەکە لە میانەی سەردانی وەزیری گواستنەوە و نیشتەجێکردنی ئێران بۆ عێراق کراوە و لە ئێستادا لە بواری جێبەجێکردندایە.
ڕاشیگەیاند کە وەزیری دارایی عێراقیش لە میانەی سەردانەکەی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئێران بۆ بەغدا ڕایگەیاندووە کە قەرزەکانی گاز و کارەبای ئێران لە وادەیەکی دیاریکراودا دەدرێتەوە.
هەناردەی گاز و کارەبای ئێران بۆ عێراق بەردەوام دەبێت:
باڵیۆزی ئێران سەبارەت بە چۆنیەتی هەناردەی وزە بۆ عێراق بە تایبەت لە گەڵ نزیکبوونەوە لە وەرزی گەرما و هەروەها دانەوەی قەرزەکانی ئەم وڵاتە وتی کە هەناردەی کارەبا و گازی ئێران بۆ عێراق بەردەوام دەبێت لە بەر ئەوەی کە هاوکاریکردنی خەڵکی ئەم وڵاتەیە و چاوەڕوان دەکەین برادەرانی عێراقیش پرۆسەی پێدانەوەی قەرزەکان باشتر و خێراتر بکەن.
دوو لقی زانکۆکانی ئێران لە عێراق دەکرێتەوە:
باڵیۆزی ئێران سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە بواری ڕۆشنبیری وتی: لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا هاتووچۆی خەڵک و گەشتیاران و زیارەتکارانی سنوردار کرد بەڵام بووە دەرفەتێک تا بۆ بەرەوپێشچوونی ڕێکەوتنەکان لە بواری ڕۆشنبیری، گەشتیاری و زانکۆکان وتووێژ بکەین.
مەسجدی وتی کە لە بواری زیارەتی دانوستانی زۆر باش کراوە و لە قۆناغی کۆتایی خۆیدایە.
باڵیۆزی ئێران وتی کە لە سەر کردنەوەی لقی زانکۆکانی ئازاد و زانستە پزیشکییەکان لە عێراق ڕێکەوتن کراوە.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆتاییدا وتی کە چاوەڕوان دەکەین بە کۆتایی هاتنی کۆرۆنا پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت لە بواری ڕۆشنبیریدا بەرەوپێشچوونی زیاتر بە خۆوە ببینێت./.