بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نازم دەباغ لە وتووێژی تایبەت لە گەڵ ئاژانسی تەسنیم ی ئێرانی سەبارەت بە زیاتربوونی هێرشەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، وتی: ئەم هێرشانە بە تایبەت بۆ سەر فڕۆکەخانەی هەولێر پیشان دەدات کە هەندێک کەس و لایەن هەوڵی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ئەمنی هەرێمی کوردستان دەدەن، هەر بۆیە ئەو لایەنانە دوژمنایەتی لە هەرێم درووست دەکەن و ئێمە ئەمەمان ئیدانە کردووە.
ناوبراو وتی: ڕەنگە یەکێک لە هۆکارەکان ئەوە بێت کە دوژمنان بیانەوێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران چەشنێک لە دڵگرانی و گومان بخوڵقێنن.
نازم دەباغ وتی: هەندێک لە هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا پەنجەی تۆمەت بۆ سەر ئەو کەسانە ڕادەکێشن کە لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نزیکن بەڵام خۆشبەختانە تا ئەم کاتە ڕا و بۆچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە ئەوانەی ئەنجامدەری هێرشەکانن، دوژمنی پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانن، لە بەر ئەوەی کە ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی هیچ یەک لەوان نییە. ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عێراق، ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستانە، ئاسایش و سەقامگیری ئێرانیش بە هەمان شێوە ئاسایش و سەقامگیری هەرێم و عێراقە.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە بۆ ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارانی کورد پێیان وایە بوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەم ناوچەیە؟ وتی: منیش بۆچوونی وەهام هەیە، ئەم پرسیارەش بۆ من هەیە کە بە پێی ئەم هەموو تەکنۆلۆژیایەی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بۆ پاراستنی سنورە وشکانی و ئاسمانییەکان، چۆن ئاگاداری ئەو مەترسییە ئەمنییە لە چەند کیلۆمەتری فڕۆکەخانەی هەولێر نەبوون و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکە بۆردومانەکەی خۆیی کرد؟ من تا ئێستا ئەوەم نەبیستووە کە ئەمریکییەکان فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکەیان خستبێتە خوارەوە، ئەگەر ئەم فڕۆکەیان تێکنەشکاندووە، لە کوێ هاتووە و بۆ کوێ ڕۆیشتووە و چۆن گەڕاوەتەوە؟ هەر بۆیە بە بۆچوونی من ئەمریکییەکان ئەرکێکی زۆریان کەوتووەتە ئەستۆ، ئەوان لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون کە ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و ئاگاداری ئەوە نەبوون کە ئەو مووشەک یان فڕۆکەیە لە کوێ هاتووە یان ڕاستی ڕووداوەکە دەزانن و بڵاوی ناکەنەوە.
نازم دەباغ بە ئاماژە بە بوونی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە خاکی هەرێمی کوردستان، وتی: ئەگەر هێزی سەربازی ئەمریکا لەو بنکانەدا بێت یان هێزی وڵاتانی دیکە، ئەو بنکە سەربازییانە بووەتە بیانوویەک بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی هەرێم و ئێمەش دەبێت هەوڵ بدەین کە مەترسییە ئەمنییەکان نەهێڵن.
ناوبراو سەبارەت بە ئاسۆی بەردەم هەرێمی کوردستان بەم دۆخەی ئامادەبوونی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاوە، وتی: دۆخەکە بەندە بە بڕیاری عێراقەوە، واتە حکومەتی عێراق چ بڕیارێک لە سەر ئەو گرووپانە کە بە هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا تۆمەتبار دەکرێن، دەردەکات. ئێوە دەزانن کە ئەمریکییەکان تەنیا لە هەرێمی کوردستان نین، لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق بوونیان هەیە، هەندێک جار هەواڵی هێرشی سەر باڵیۆزخانەکەیان لە بەغدا بڵاو دەبێتەوە. بە بۆچوونی من دەبێت حکومەتی عێراق هەنگاوێکی بەهێز لە دژی ئەو گرووپانە بگرێتەبەر. ئەگەر حکومەتی عێراق خاوەنی ئەو هێزە بێت، دەبێت دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵیدا بێت. دووەم، هیچ لایەنێکی دەرەکی نابێت لە دەرەوەی ڕێکەوتنی ستراتیژی، بنکە و هێزی سەربازیی لە عێراقدا هەبێت./.