بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی سپۆتنیک لە میدیاکانی سوریاش بڵاو بووەتەوە و تێیدا هاتووە کە چەندین کۆبوونەوە لە نێوان نوێنەرانی ڕووسیا، ئێران و سوریا بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە گەمارۆی خەڵکی سوریا لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڕێوەچووە.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕاگەیاندووە کە لە پاش تاڵانکردنی نەوتی سوریا لە لایەن ئەمریکا و هێزەکانی نزیک لەو وڵاتە و گواستنەوەی بۆ عێراق و هەروەها ڕێگری لە گەیشتنی سووتەمەنی بۆ بەندەرەکانی سوریا، قەیرانی سووتەمەنی لەم وڵاتە ڕوویداوە. پێکهێنانی ئەو ژوورە عەمەلیاتەش بۆ هەماهەنگی هاوبەشە لە پێناو گەیاندنی سووتەمەنی پێویست بۆ سوریا.
بە وتەی سەرچاوەکە، کەشتییە سەربازییەکانی ڕووسیا ئاسایشی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران تا گەیشتن بە بەندەرەکانی سوریا دابین دەکەن.
ڕاشیگەیاندووە کە نەوت و سووتەمەنی پێویستی دیکەی سوریا لە ڕێگای ئێرانەوە دابین دەکرێت بە مەرجێک کە ئاسایشی کەشتییەکان لە لایەن هێزی دەریایی ڕووسیاوە لە دەریای ناوەڕاست لانیکەم تا کۆتایی ئەمساڵ دەستەبەر بکرێت.
بە وتەی ئەو سەرچاوە کە بۆ ئاژانسی سپۆتنیک لێدوانی داوە، لە ڕۆژانی ڕابردوو کەشتییە سەربازییەکانی ڕووسیا ئەرکی پاراستنی چوار کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانییان بۆ گەیشتن بە سوریا لە ئەستۆ بووە.
ئاژانسی سپۆتنیک ڕایگەیاندووە کە بەدەر لە گەیاندنی سووتەمەنی لە لایەن ئێرانەوە، ڕووسیاش ڕێژەیەکی زۆر گەنمی گەیاندووەتە سوریا و پێشبینی دەکرێت تا مانگی حوزەیرانیش لەم هەناردەیە بەردەوام بێت و بەو مانایە دەبێت کە پێداویستییەکانی ئاردی سوریا تا ناوەڕاستی ساڵی 2022 دابین کراوە.
گەیاندنی ئارد بە سوریا بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی نانە لەم وڵاتە.
ئەمریکا بەدەر لە تاڵانکردنی نەوت، بەردەوامە لە تاڵانکردنی گەنم و بەرهەمی دانەوێڵەی سوریا و گواستنەوەیان بۆ عێراق./.