ڕێکخراوی وزەی ناوەکی ئێران ڕایگەیاند کە بڕیاری پیتاندنی یورانیۆم بە ڕێژەی لە سەدا 60 دەرکراوە و یەکەم بەرهەمیشی بەدەستهاتووە.
دەستپێکردنی پتیاندنی لە سەدا 60 ی یورانیۆم لە وێستگەی ناوەکی نەتەنز بەو مانایە دەبێت بە پێچەوانەی بانگەشە و پڕوپاگەندەی زایۆنیستەکان، پرۆسەی پیتاندنی یورانیۆم لەم وێستگەیەدا ڕانەگیراوە و تەنانەت بۆ لە سەدا 60 بەرز بووەتەوە. حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە دەتوانین ئەو ڕێژەیە بۆ لە سەدا 90 بەرز بکەینەوە.
بڕیارەکەی ئێران بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندنی یورانیۆم کە هەنگاوێکە لە بەرامبەر کردەوە تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی و جێبەجێکردنی بەپەلەی بڕیارەکە ئەو ڕاستییە پیشان دەدات کە تەکنۆلۆژیای ناوەکی لە ئێران بە دامەزراوەیی کراوە و پرۆسەی زانستی کە لە 40 ساڵی ڕابردوو دەستیپێکردووە، بە تیرۆر و کردەوە تیرۆریستییەکان ڕاناگیرێت. هێزی ئێران لە مێشکی داهێنەری ڕۆڵەکان و ناوەندە توێژینەوەیی و زانستییەکان و زانکۆ پێشکەوتووەکانیدایە و بە ئیرادەی بەهێزی بڕیاربەدەستان هەنگاو بەرەو پێشکەوتوویی زیاتر دەنێت و ئەم هێزەش نە تیرۆر دەکرێت و نە بۆردومان.
پیتاندنی لە سەدا 60 ی یورانیۆم هەروەها وەک پەیامێکی بەهێزە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا تا بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی کە خەون بەوە دەبینێت بەم کردەوە ترسنۆکانەیە ئاستەنگ بخاتە بەردەم پێشکەوتنە زانستییەکانی ئێران و دانوستانەکانی ڤیەننا، کۆنتڕۆڵ بکات.
سەرەڕای سەرجەم پیلانگێڕییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و گڵۆپی سەوزی ئەمریکا و هەروەها سیاسەتی دووفاقی ئەورووپا، بەڵام ئێران بەرپرسیارانە هەڵسووکەوتی لە گەڵ دۆسیەی ناوەکی کردووە و تەنانەت چەند ڕۆژ پاش کردەوە تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە وێستگەی نەتەنز، بەشداریی لە دانوستانەکانی ڤیەننا کرد و لە سەر زاری بەرپرسانی باڵای ڕاگەێندرا کە لە ئەگەری هەڵگرتنی گەمارۆکان لە لایەن ئەمریکاوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەڵێنەکانی لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی دەگەڕێتەوە.
پاش پیتاندنی لە سەدا 60 ی یورانیۆم بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە ئێران بە پێگەیەکی بەهێزەوە بەشداریی لە دانوستانەکانی ڤیەننا کردووە و ئەمریکا و ئەورووپا پێویستە واز لە سیاسەتی دابەشکاری ڕۆڵی خۆیان بێنن و کۆتایی بە سیاسەتی بەردەوامیدان بە دانوستانەکان بێنن. ئەم سیاسەتەی ڕۆژئاوا سوودێکی بۆ ئەوان نابێت./.