بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، داود عابدی شارەزا لە کاروباری سیاسی ئەفغانستان و کەسایەتی نزیک لە گرووپی تاڵیبان بە ماڵپەڕی تلوع نیوزی ئەم وڵاتەی ڕاگەیاندووە کە ئەشرەف غەنی لە سەردانەکەی ئەم دواییەی ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەڵێنی ئازادکردنی 7 هەزار بەندکراوی تاڵیبانی داوە و لە ئێستاشدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرقاڵی دەرهێنانی ناوی سەرکردەکانی تاڵیبانە لە لیستی ڕەشی تیرۆر.
ناوبراو وتی کە هێشتا گومان لە سەر ئەوە هەیە ئەمریکییەکان لە وادەی دیاریکراوی جۆبایدن لە ئەفغانستان بکشێنەوە، لە بەر ئەوەی کە کۆمپانیایەکی ئەمریکی لە ئێستادا پرۆژەیەکی 900 ملیۆن دۆلاری تا ساڵی 2022 لە فڕۆکەخانەی بەگرام جێبەجێ دەکات کە ئەمەش گومانی خستووەتە سەر پرۆسەی کشانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە.
گرووپی تاڵیبان لە ڕاگەێندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە بە پێی بەڵێنی ئەمریکییەکان 7 هەزار بەندکراوی ئەوان بە پێی ڕێکەوتنی قەتەر ئازاد دەکرێت./.