بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پاش کۆبوونەوەی لێژنەی هاوبەشی ڕێکەوتنی ناوەکی ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەی نێوان تاران و واشنتن پێویست نییە.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توێتەر ڕایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی لێژنەی هاوبەشی ڕێکەوتنی ناوەکی، ئێران، یەکێتی ئەورووپا لە گەڵ چین و ڕووسیا ڕەزامەندییان دەربڕیوە کە دانوستانی نوێ لە ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو لە شاری ڤیەننا بەڕێوە بچێت.
زەریف وتی: ئامانجی ئەو کۆبوونەوەش دیاریکردنی میکانیزمی هەڵگرتنی گەمارۆکان و پاشان گەڕانەوەی ئێران و لایەنەکانی دیکە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕەتیکردەوە کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان تاران و واشنتن بەڕێوە بچێت و وتی کە ئەو کۆبوونەوە بە پێویست نازانم./.