بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یاسر بەهادۆلی شرۆڤەکاری کاروباری ئەمنی عێراق پیلانێکی نوێ و تایبەتی ئەمریکای لە دژی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سنورییەکان لە گەڵ سوریا ئاشکرا کرد.
ناوبراو وتی: ئەو زانیارییانەی بە ئێمە گەیشتووە، پیلانێکی ئەمریکی – زایۆنیستی بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە سنورەکانی نێوان عێراق و سوریا لە ڕێگای کردنەوەی بنکەیەکی گەورەی سەربازی بەڕێوەیە و پرۆژەکەش پێشتر لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئامادە کراوە.
بەهادۆلی وتی: حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنییەکان، ئەمڕۆ ڕوبەڕوی گەورەترین پیلانی دوژمنکارانە بۆ کۆتایی هاتنیان لە سنورەکانی نێوان سوریا و عێراق بوونەتەوە، پیلانێک کە ئامانجەکەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە و هەوڵ دەدات پەیوەندی وشکانی عێراق لە گەڵ وڵاتانی دیکە نەمێنێت. جموجوڵەکانی ئێستا لە سێگۆشەی ئۆردن، سوریا و عێراق دەبینرێت و دانوستان لە گەڵ فەرماندە ئەمنییەکانی ئۆردن لەم بوارەدا لە ئارادایە تا هاتووچۆی ئەمریکییەکان لە نێو خاکی ئۆردن تا قووڵایی پێنج کیلۆمەتر ئاسانتر ببێت.
ئەو شرۆڤەکارە ئەمنییەی عێراق سەبارەت بە کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە و بەڕێوەبردنی هاوبەشی لە گەڵ زایۆنیستەکان هۆشدارییدا و داوای لە حکومەتی بەغداش کرد کە بەپەلە لێکۆڵینەوەکانی دەست پێبکات و ڕێگری لەوە بکات هێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی ببنە قوربانی ئەم پیلانگێڕییە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا تا ئێستا بە دەیان جار و بە بێ پاساو ناوچە سنورییەکانی عێراق و سوریا و بارەگاکانی حەشدی شەعبییان کردووەتە ئامانج و سەرجەم هەوڵەکانیان بە ئاراستەی لاوازکردنی حەشد خستووەتە گەڕ. حکومەتی بەغداش تا ئێستا کاردانەوەیەکی ئەوتۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەبووە، لە کاتێکدا بە پێی یاسا حەشدی شەعبی بەشێکە لە هێزە چەکدارەکانی عێراق و چالاکییەکانی لە ژێر کۆنتڕۆڵی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتەدایە.
پێشتریش جەبار مەعموری سەرۆکی یەکێتی زانایانی موسڵمانی عێراق لە پارێزگای دیالە ڕایگەیاندبوو کە ئەمریکا گەورەترن ڕێگرە لە بەردەم جێبەجێکردنی پرۆژە ئابورییەکان لە سنورەکانی عێراق و سوریا.
ناوبراو وتی: ناوچە سنورییەکانی عێراق و سوریا خاوەنی دەفرایەتییەکی گەورەی سرووشتین و دەتوانێت گەشەی ئابوریی لێبکەوێتەوە بەڵام ئەمریکییەکان ڕۆڵی گەورەیان لەوەدا بووە کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی پرۆژەکان و مانەوەی ئەو ناوچانە لەم دۆخە نالەبارەدا بکەن.
مەعموری ئاشکرای کرد کە دەستی پیلانگێڕان لە بۆردومانکردنی بەردەوامی بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە ناوچە سنورییەکانی عێراق و سوریا دەبینرێت تا وێڕای دوورکردنەوەی حەشد لەو ناوچانە، بەردەوام وەک شوێنی هاتووچۆی تیرۆریستان و گەشەی گرووپە تەکفیری و تیرۆریستییەکان بمێنێتەوە./.