پاش ئەوەی کە لە 22 ی ڕێبەندانی ساڵی 1357 ی کۆچی هەتاوی، شۆڕشی گەلی ئێران بە ڕێبەرایەتی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە) گەیشتە ئەنجام و سەرکەوتنی بە دەست هێنا، دیاریکردنی سیستەمێکی سیاسی بۆ داهاتووی ئێران یەکێک لە پرسە گرنگەکان بوو کە ئەویش لە ڕیفراندۆمێکی گشتیدا لە 12 ی خاکەلێوەی ساڵی 1358 خرایە دەنگدانەوە و زۆرینەی نزیک لە سەدا سەدی ئێرانییەکان بە بەڵێ دەنگیان بە کۆماری ئیسلامی ئێران دا.
12 ی خاکەلێوە، ڕۆنی نیشتمانی ئێرانییەکان، ڕۆژی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک لاپەڕەیەکی زێڕین و پرشنگدار لە ڕۆژژمێری پڕ لە شانازی وڵاتی ئێران دەدرەوشێتەوە. ئەم ڕۆژە وەبیرهێنەری حەماسەتی شکۆمەندانەی ژنان و پیاوانی لێهاتووی ئێرانیە کە بۆ کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی شا و سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی، دەنگدان بە کۆماری ئیسلامی و پاراستنی ئەم دەسکەوتە لە بەرامبەر پیلانگێڕی دوژمنان و ناحەزانی شۆڕش خۆڕاگرییان کرد و بوونە هۆکاری بەردەوامی شەمەندەفەری شۆڕش لە ڕێگای پڕ لە شانازی سەربەخۆیی و ئازادی.
بەشداری زۆرینەی نزیک لە سەدا سەدی ئێرانییەکان و دەنگی بەڵێی ئەوان بۆ کۆماری ئیسلامی، پیشاندەری خواستی گەلی ئێرانە لە دژایەتی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و ئازادیخوازی.
بە هەڵمەتی شۆڕشگێڕانەی ئەو خەڵکە لە ڕۆژی 12 ی خاکەلێوەی ساڵی 1358، کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتە ڕاستە ڕێگای خۆی و بە تێپەڕکردنی ڕووداوە گرنگەکانی وەک شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵەی سەدام، گەمارۆ زاڵمانەکان و سەرجەم پیلانگێڕییە سیاسی، ئابوری و ڕۆشنبیرییەکان، گەیشتووەتە لوتکەکانی سەرکەوتن و شکۆ و شانازی.
مێژووی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەی سەلماندووە کە ئەم دەسەڵاتە بە پشت بەستن بە گەلی ئێران خۆڕاگرانە تا سەرکەوتنی زیاتر لە ڕێگای خۆیدا بەردەوام دەبێت و وەک بینرا هیچ هێزێک توانای ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ئیرادە نیشتمانییەی نییە. دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا وەک نموونە دێنینەوە، لە ماوەی چوار ساڵدا چەندە هەڕەشەی کرد و قورسترین سزا ئابورییەکانی بە سەر گەلی ئێراندا سەپاند بەڵام کەوتە زبڵدانی مێژوو و ئێران و ئێرانییەکان شکۆمەندانە درێژە بە ڕێگای سەرکەوتنی خۆیان دەدەن./.