بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی بلۆمبێرگ بە ئاماژە بە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان ئێران و چین ڕایگەیاند کە ئەم ڕێکەوتنە بووەتە کێشەیەک لە بەرامبەر ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆبایدن.
لە ڕاپۆرتەکەی بلۆمبێرگدا هاتووە: یەکگرتوویی نێوان تاران و پەکین کێشەیەکە بۆ جۆبایدن کە دەیەوێت هاوپەیمانەکانی لە دژی چین کۆبکاتەوە، وڵاتێک کە ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەک گەورەترین هەڕەشەی بەردەم واشنتن ناوی بردووە.
بلۆمبێرگ بە ئاماژە بەوەی کە واژۆکردنی ئەم ڕێکەوتنە هاوکاتە لە گەڵ هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران، ڕایگەیاند: ئیدارەی بایدن نیازی خۆیی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی پیشان داوە بەڵام نە واشنتن و نە تاران هێشتا لە سەر شێوازی گەڕانەوەکە نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن.
بلۆمبێرگ هەروەها ڕایگەیاندووە کە هاوکاری نزیکی ئێران لە گەڵ چین دەتوانێت یارمەتیدەری ئابوری ئەم وڵاتە لە بەرامبەر گەمارۆکانی ئەمریکا بێت و هاوکات پەیامێکی ڕوونیش دەداتە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا.
پێشتریش ۆڵ ستریت ژوورناڵ ڕایگەیاندبوو کە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان ئێران و چین دەبێتە هۆی بێ کاریگەربوونی سزاکانی ئەمریکا لە دژی تاران و چین لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئێران بووە./.