بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر لە وتووێژی لە گەڵ کەناڵی العهد وتی: تا ئێستا دەستپێشخەرییەکی تایبەت لە لایەن قەتەرەوە بۆ دانوستانی ڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا نییە، قەتەر لە دوو گۆشەنیگاوە لەم بابەتە دەڕوانێت، یەکەم ئەوەی کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە بەرژەوەندی قەتەر و هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نییە و هیچ کەسیش نایەوێت ئاڵۆزییەکان زیاتر ببێت.
ناوبراو وتی: داوای گەڕانەوەی ئێران و ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی و پاشان دیاریکردنی چوارچێوەیەک بۆ وتووێژی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە دەکەین.
وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی: پەیوەندی بەردەواممان لە گەڵ ئێران هەیە و لە سەر هەر دوو تەوەری گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی و دەستپێکردنی وتووێژی ناوچەیی بەردەوام ڕاوێژ دەکەین، ئەمەش هەمان سیاسەتە کە میری قەتەر لە کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان جەختی لە سەر کردووەتەوە.
وتیشی کە لایەنی ئێرانی کاردانەوەی ئەرێنیی سەبارەت بە دەستپێکردنی وتووێژی ناوچەیی هەبووە بەڵام لە سەر ڕێکەوتنی ناوەکی هێشتا ئامادەکارییەکان تەواو نەکراوە./.