بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەلیم جبوری لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وتی کە کەلێنی گەورە کەوتووەتە نێوان سیاسەتمەدارانی سوننە و خەڵک، ئەوان هیچ کارتێکی گوشاریان بە دەستەوە نەماوە و باسکردن لە هەرێمی سوننە لە عێراقیش تەنیا مانۆڕێکی سیاسییە.
ناوبراو وتی: زۆربەی ئەوانەی کە لە ڕیزەکانی حیزبی بەعسدا بوون لە پاش 2003 پلە و پۆستیان وەرگرتووە، ئەو بەعسییە شێعانەی کە پۆستی باڵایان وەرگرتووە، بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق زۆر مەترسیدارتر لە بەعسییەکانی دیکە بوون.
سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق وتی: نیگەرانی ئەوە هەبوو کە بەعسییەکان کۆنتڕۆڵی جومگە هەستیارەکان بکەن، کارتی گوشاری دەستی سوننەکان لاواز بووە و تەنیا وەک مانۆڕێک لەو کارتانە کەڵک وەردەگرن، کەلێنێکی گەورە کەوتووەتە نێوان سیاسەتمەداران و کۆمەڵگای سوننە و هەست بەوە دەکرێت کە ئەوان نوێنەری خەڵک و داواکارییەکانی ئەوان نین./.