سادق محەممەد غەریب لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وێڕای شرۆڤەی هۆکارەکانی هێرشە کیمیاییەکەی ڕژێمی سەدام بۆ هەڵەبجە، وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران و خەڵکەکەی تەنیا دەروازەی ڕزگاربوونی خەڵکی ئەم شارە بوون و هاوکارییەکانی ئەوان بۆ لێقەوماوانی هەڵەبجە هەمیشە جێی ڕێز و سوپاسە.
ناوبراو بە ئاماژە بە شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵەی سەدام لە دژی گەلی ئێرانیش وتی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا و کۆمپانیاکانی ئەوان ڕۆڵی گەورەیان لە پڕچەککردنی ڕژێمی بەعس بە چەکی کۆمەڵکوژ و خوڵقاندنی ئەو هەموو تراژدایەی عێراق هەبووە.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
هۆی ئەو هێرشە دڕندانەی ڕژێمی بەعس بۆ سەر شاری هەڵەبجە و خەڵکەکەی چی بوو؟
ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ڕقێکی زۆریان لە کوردان هەبووە بەڵام ئەو ڕقە لە حیزبی بەعسدا زیاتر پەرەی سەند، هەڵەبجەش وەک ناوچەیەکی گرنگی کوردستان، یەک لەو ناوچانە بووە کە لە کاتی بە دەسەڵات گەیشتنی ڕژێمی بەعس تا بۆردومانی کیمیایی، بەردەوام لە خەبات و بەرخۆداندا بوو و یەکێک لەو ناوچانەش بوو کە کەمترین لایەنگری ئەو ڕژێمەی تێدا بوو. لە لایەکی دیکەوە، هەڵەبجە یەکێک لە قەزا گرنگەکانی کوردستان بوو کە مەڵبەندی ئائینداری و خوداناسی بوو، ڕژێمی بەعسیش پێش بۆردومانی کیمیایی چەند جارێکی دیکە هێرشی کردبووە سەر ئەم قەزایە، بۆ نموونە ساڵی 1974 یەکێک لەو شارانە بوو کە لە گەڵ شاری قەڵادزێ بۆردومانێکی زۆر کرا و لە ئاکامدا لە کیمیابارانیش بە شەهید و بریندارەوە قوربانییەکی زۆریدا.
ئەوەتان لەبیر ماوە کە بڵێن بارودۆخی هەڵەبجە لە کاتی هێرشە کیمیاییەکەی ڕژێمی سەدام چۆن بوو؟
لەو ڕۆژانەدا شەڕ لە دەوروبەری هەڵەبجە هەبوو، من خۆم ئەو کاتە لە ناو شاری هەڵەبجە بووم، قوتابی زانکۆ بووم لە موسڵ بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئامادە نەبووم بچمە نێو ڕیزەکانی بەعسەوە، فەرمانی گرتنم بۆ دەرچووبوو و لە زانکۆش دوور خرابوومەوە، من لە گەڵ خێزانەکەم لە هەڵەبجەدا بووم، ڕۆژی 15 ی مانگ ئەو شەڕە لە نزیک هەڵەبجە بە چڕی هەستی پێدەکرا، تەنانەت شەوی 15 لە سەر 16 خەڵکێکی زۆر هەوڵی ئەوەیاندا کە شارەکە بە جێ بێڵن بەڵام بە هۆکاری ئەوەی کە لە دەوروبەری هەڵەبجە شەڕ بوو، لەوەدا سەرکەوتوو نەبوون. ڕۆژی 16 ی مانگ تا کاتژمێرەکانی نزیک لە نیوەڕۆ ئارامییەک بە هەڵەبجەوە دەبینرا، پێویستە ئەوەش بڵێم کە هەڵەبجە بە کشانەوەی هێزەکانی بەعس لەو کاتەدا شارێکی ئازادکراو بوو. نیوەڕۆ فڕۆکەیەکی زۆر بە چڕی بۆردومانی هەڵەبجەیان کرد، سەرەتا بۆردومانی ناپاڵم و بۆمبی گەورە بوو، خەڵکی هەڵەبجە پێشتر ژێرزەوینیان بە هۆی شەڕەکانەوە درووست کردبوو کە خۆیانی تێدا حەشار بدەن، بۆمبە ناپاڵمەکانی حیزبی بەعس هێندە بەهێزبوون کە هەموو شوێنێکی دەڕووخاند، ئەو هێرشانەش کوشتارێکی زۆری بە دواوە بوو، بۆردومانەکان بەردەوام بوو تا کاتی نوێژی عەسر کە کیمیاییەکە دەستیپێکرد، بۆردومانەکەش وابوو کە بۆمبەکان کە دەخرانە سەر شارەکەوە، دەنگی کەمیان بوو بەڵام دووکەڵێکی زۆری هەبوو کە بینیمان چی بە سەر شارەکەدا هێنا.
وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتانە چ ڕۆڵێکیان لە پڕچەککردنی ڕژێمی سەدام بە چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو هەبوو؟
لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕی ڕژێمی سەدام لە دژی ئێران وڵاتانی زلهێزی جیهان پاڵپشتی ئەو ڕژێمە دڕندەیان دەکرد، ئەوەشیان دەزانی کە ئەو ڕژێمە چەندە خوێنمژە و چەندە تاوانی لە باشور تا باکوری وڵاتەوە کردووە، بە تایبەت ئەو هەموو زوڵم و تاوانەی کە بەرامبەر بە کورد و شێعە دەیکرد. تاوانەکانی سەدام باشترین بەڵگە بوو کە ئەو وڵاتانە بەو جۆرە پاڵپشتیی نەکەن بەڵام نەک تەنیا سەدام و ڕژێمەکەیان سزا نەدا بەڵکوو بۆ مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەردەوام پاڵپشتییان دەکرد، وڵاتانی ڕۆژئاوا بە تایبەت ئەڵمانیا لە ڕێگای کۆمپانیاکانەوە چەکی کۆمەڵکوژی کیمیاییان بەو ڕژێمە دا کە ئەویش بەرامبەر بە هاووڵاتیانی سڤیل و بێ تاوانی خۆی بەکاری دەهێنا.
هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خەڵکی لێقەوماوی هەڵەبجە لەو کاتەدا چۆن بوو؟
لە کاتی بۆردومانە کیمیاییەکەی هەڵەبجە ئێران تەنیا دەروازەی ڕزگاربوونی ئەو خەڵکە بوو، خەڵکەکەش ڕوویان کردە ئەو وڵاتە. من یەکێک لەو کەسانە بووم کە بەرەو ئێران بەڕێکەوتم، خەڵکانێکی زۆرم لە ڕێگادا بینی کە لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هاوکاری دەکران، تەنانەت هەندێک لە بریندارەکان بە کۆپتەر بۆ شارەکانی ئێران دەبران، کاتی گەیشتنی خەڵکی هەڵەبجە بە شارە کوردنشینەکان، خواردن و جلوبەرگی زۆر ئامادە کرابوو، خەڵکی هەڵەبجەیان دوا جار بۆ ناوچەکانی ئارامتر گواستەوە. ئەو هاوکارییەی کۆماری ئیسلامی ئێران و خەڵکەکەی بۆ هەمیشە جێی ڕێزە./.