سەید ئەحمەد بەرزنجی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا کە ئێستا خۆیان بە دۆستی کورد دەناسێنن لە ڕاستیدا دۆستی بەرژەوەندییەکانی خۆیانن و لە تاوانەکانی ڕژێمی سەدام لە دژی کورد خۆیان بێدەنگ کرد و تەنانەت هاندەر و پاڵپشتی ئەو ڕژێمەش بۆ خوڵقاندنی تاوانەکانی بوون.
دەقی ئەم وتووێژە لە درێژەدا هاتووە:
وەک دەزانن کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە بە تراژدیایەکی گەورەی مرۆڤی و تاوانێکی دیکتاتۆری دڕندە سەدام دادەنرێت، بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوازی جۆربەجۆر هاوکاری خەڵکی هەڵەبجەی کرد. شرۆڤەی بەڕێزیان لە سەر ئەمە چییە؟
کاتێک هەڵەبجە کیمیاباران کرا و بەعسییەکان ئەو تاوانە گەورەیان خوڵقاند، کۆماری ئیسلامی ئێران سنورەکانی بە ڕووی خەڵکدا کردەوە و خەڵکی ئێمە هەستیان بە ئازادییەک لەو سنورانەدا دەکرد، سەدام تۆڵەی ئەمەی کردەوە و ویستی ئەوەی هەبوو دیسانەوە ئەم سنورانە لە دیوی عێراقەوە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە. ئەم تاوانەی سەدام لە درێژەی تاوانی شەڕی سەپێندراوی هەشت ساڵەی لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، ئەو شەڕەی کە بە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا و وڵاتانی گوێڕایەڵیان لە ناوچەکە وەک ئیمارات و سعوودیە دەکرا، ئەوان لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە پاڵپشتی سەدامیان کرد تا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران شەڕ بکات و هەوڵی ڕووخاندنی دەسەڵاتی شۆڕشی ئیسلامی بدات. لە بەر ئەوەی کە ئەو دەسەڵاتە، دەسەڵاتێکی نوێ لە سەر بنەما و پیرۆزییەکانی ئیسلام بوو و لێدانی هەڵەبجەش بە چەکی کۆمەڵکوژ بەشێک لەو پیلانەی ڕژێمی بەعس بوو. لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجە تاکە وڵاتێک کە ئەمەی بڵاو کردەوە و بە هەموو شێوازێک هاوکاری خەڵکی کورد و هەڵەبجەی کرد، کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، وڵاتانی ئیسلامی و ڕۆژئاواش بە هۆی پاڵپشتی سەدامەوە هەموو بێدەنگییان هەڵبژارد بەڵام ئێران ئازایانە هاوکاری و یارمەتی خەڵکی ئاوارەی هەڵەبجەی دا. لە تاران و لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجەی لێیە، ئەمە شانازییەکە بۆ گەلی کورد کە دەبێت قەد لەبیری نەکەن، ئێران نەک تەنیا بۆ هەڵەبجە بەڵکوو بۆ کیمیابارانی ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش عێراقیش بە هەمان شێوە یارمەتیدەری خەڵکی کورد بووە. خەڵکی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیان لەبیر ناچێت کە کۆماری ئیسلامی بە درێژایی دروستبوونی تا ئێستا و لە قۆناغە جیاجیاکاندا یارمەتیدەری ئەوان بووە.
لە کاتی تاوانەکەی سەدام لە هەڵەبجە، وڵاتانی ڕۆژئاوا و هاوپەیمانەکانی ئەوان لە ناوچەکە بێدەنگییان هەڵبژارد، وەک ئاماژەتاندا کە ئەوە بە هۆی پاڵپشتی لە سەدام بووە، ئێستا ئەو وڵاتانە خۆیان بە دۆستی گەلی کورد دەناسێنن، ئایا ئەمە تەنیا بەرژەوەندیخوازی نییە و دەتوانین بڵیین کە هیچ مرۆڤ دۆستییەکی تێدا بەدی ناکرێت؟
ئەم سیاسەتە تەنیا بەرژەوەندیخوازی وڵاتانی زلهێز و دوژمنانی ئیسلامە وەک ڕژێمی زایۆنیستی، ئەوان دەیانەوێت کورد بۆ مسۆگەربوونی ئەم بەرژەوەندییانە بەکار بێنن، ئەوان مەبەستی ئەوەیان نییە کە خزمەتی خەڵکی کورد بکەن بەڵکوو مەبەستیان تەنیا لێدانی ئیسلامە، ئەوان هەوڵی لاوازکردنی جیهانی ئیسلام دەدەن و بۆ ئەمەش بەردەوام هەوڵی ناکۆکی و دووبەرەکی و ئاژاوەگێڕی دەدەن، وەک ناکۆکییەکانی نێوان سوننە و شێعە، یان ناکۆکی ناوخۆییش لە نێو ئەم دوو پێکهاتەیە. ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تەنیا بۆ دزین و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی وەک عێراق هاتوونەتە ناوچەکە، ئەوان هەرچی درووشمی بریقەدارە بۆ گەیشتن بە ئامانجی خۆیان بەرزی دەکەنەوە بەڵام لە ڕاستیدا خۆیان پێشێلکاری ئەو درووشمانەن، بۆ نموونە ئەوەی کە بە مرۆڤ دەکرێت لەو وڵاتانە لە هیچ شوێنێکی دیکەی ئەم جیهانەدا نابینرێت. کاتی خۆی لە کەمپینی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا دوناڵد ترەمپ بە ئاشکرا باسی ئەوەی دەکرد کە کەس ناتوانێت وەک من کورد بەکار بێنێت، ئەوەش بینرا کە بۆ نموونە لە باکوری سوریا بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا کەڵک لە هێزی کوردی وەردەگرن. ڕاستییەک هەیە کە هیچ گەلێکی زوڵملێکراو لە جیهاندا نییە کە ئەمریکا ڕزگاری کردبێت. هەر خەڵکێک ووشیار و تێگەیشتوو بێت بەم درووشمانەی ئەمریکییەکان فریو نادرێت، ئەوان مەبەستیان خزمەتکردن نییە بەڵکوو تەنیا دەیانەوێت تاڵان بکەن، دەبینین کە سعوودیە و وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس لە بەرامبەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا چۆک دادەدەن و بوونەتە پیاوی ئەوان. باشترین شت بۆ خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرامبەر ئەمریکا و زایۆنیستەکان تەنیا بەرگری و خۆڕاگرییە، ئەگەر بەرگری نەکەن هەموو شتێک لە دەستیان دەردەهێنن.
هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ خەڵکی کوردستان تەنیا پەیوەندی بە قۆناغی کیمیابارانەوە نییە و بەردەوام هەبووە، بە بۆچوونی بەڕێزتان هۆکاری بەردەوامبوونی ئەم پەیوەندییە دۆستانەیە سەرەڕای پیلانی دوژمنان چییە؟
کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەر بنەما و بەرنامەی ئیسلام دامەزراوە، ئەو ئیسلامە ڕاستەقینەی سەردەمی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام کە جیاوازییەک لە نێو مرۆڤەکاندا نەکراوە، ئەو ئیسلامەی کە لە سەر ئامانج و ڕێنماییەکانی حەزرەتی عەلی پەرەی پێدراوە. کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا حکومەتێکە کە لە سەر بنەمایەکی ئەخلاقی پێکهاتووە، ئەڵبەت هەموو حکومەتێک تووشی هەڵە دەبێت و ڕەنگە نەتوانێت دەقاودەق هەموو ڕێنماییەکانی ئیسلامی پیرۆز جێبەجێ بکات، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئێران ئەو بنەمایەی هەیە و تاکە حکومەتە کە لە سەر ئەو بنەمایەش هاتووەتە سەر کار. لە جیهاندا زۆرن ئەو وڵاتانەی کە لە سەر بنەمای نەتەوەیی یان ڕەگەزپەرستی پێکهاتوون. ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە سەر بنەمای ئائینی پێکهاتووە، بەڵام کام ئائین؟ ئەو ئائینەی کە لە سەر ڕێڕەوی خۆی لای داوە و حکومەتەکەی ئەو هەموو تاوان و پیلانگێڕییە دەکات. بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیەی دروستبوونی، یارمەتیدەر و هاوکاری گەلی کورد بووە و خزمەتی بەوان کردووە و جەنابی مام جەلایش بە باشی باسی لەم هاوکارییە دەکرد. کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران بەرگری لە کورد دەکرد و هاوکارییەکانی بە ئێمەی کورد دەبەخشی، هەموو دەرگاکانی جیهانمان بە ڕوودا داخرا بوو. تورکیا وەک وڵاتێکی ئیسلامی لە کۆڕەوەکەدا سنورەکانی لە خەڵکی کورد داخست بەڵام کۆماری ئیسلامی ئێران سنورەکانی بە باوەشێکی ئاوەڵاوە بۆ ئێمە کردەوە. بە هۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بوو کە کوردانی ئەو وڵاتە هاوکاری خەڵکی کوردستانی عێراقیان کرد، ئەی بۆ ئەو هەموو کوردەی کوردستانی تورکیا نەیاندەتوانی هیچ هاوکارییەک بکەن.
ئێوە نزیکاتەتی و دۆستایەتی زۆرتان لە گەڵ جەنابی مام جەلال تاڵەبانی (بە ڕەحمەت بن) هەبووە. ئایا لەبیرتان ماوە کە وتەیەکیان لە سەر کیمیابارانی هەڵەبجە و هاوکارییەکانی ئێران هەبێت و بۆ ئێمەی بگێڕنەوە؟
لە هەر شوێن و کۆبوونەوەیەک کە باسی کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال دەکرا، جەنابی مام جەلال زۆر بە سوپاسەوە باسی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان دەکرد کە تاکە وڵات بووە لەو کاتەدا دەرگای ڕزگاربوونی ئێمە بووە، یەک وڵات و یەک دەرگای دیکە بۆ ئێمە نەکرایەوە کە پەنای بۆ ببەین و لە تاوانەکانی ڕژێمی بەعس خۆمان ڕزگار بکەن، سەرجەم حیزبە کوردییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی کراون./.