حەمیدڕەزا موجەڕەدی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی جەختیکردەوە کە وڵاتانی زلهێز وەک وەبەرهێنەر و خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو ناتوانن سیاسەتی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو چەکانە جێبەجێ بکەن و ئەم سیاسەتەش تێکەڵ بە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئەوان کراوە و قەد سەرکەوتوو نابێت.
ناوبراو وتی کە دیمەنەکانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە هیچ کات لەبیر ناکرێن بە تایبەت بۆ من کە لە نزیکەوە قوربانیدانی ئەو خەڵکەم بە چاو بینیوە.
دەقی وتووێژەکە لە درێژەدا هاتووە:
لە کارەساتەکانی وەک هەڵەبجە و ئەنفال، ڕژێمی بەعس خەڵکی عێراقی بە شێوازێکی دڕندانە کۆمەڵکوژ کرد. لە سەرجەم قۆناغەکاندا کۆماری ئیسلامی ئێران دەورێکی کاریگەری لە پاڵپشتیکردنی ئەو خەڵکەدا گێڕا. بۆچوونی بەڕێزیان لە سەر ئەمە چییە؟
کە بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە کرا لە گەڵ دوو هاوڕێم سەردانی ئەو شارەم کرد، ئەو هەموو خەڵکە بێ تاوانەمان بینی کە چۆن بێڕۆحمانە کرابوونە قوربانی. تاوانەکە وەک سەرشۆڕییەک بۆ ئەو وڵاتانە بوو کە هاوکاری ڕژێمی سەدامیان لە پڕچەککردنی بەو هەموو چەکە قەدەغەکراوە کردبوو. ئەو دیمەنانەی کە لە هەڵەبجە بینران قەد ناتوانم لەبیری بکەم. هێزەکانی ئێران کۆمەڵ کۆمەڵ بریندارەکان و خەڵکی هەڵەبجەیان بەرەو سنورەکان گواستەوە، ئەو هێزانە سەرجەم هەوڵەکانی خۆیان خستەگەڕ بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی هەڵەبجە بەڵام کارەساتەکە هێندە قەبارەی گەورە بوو کە بە هەزاران کەسی لە پیر و گەنج و ژن و منداڵ کردبووە قوربانی و شارەکە لە ڕووخاوێک دەچوو.
ئێوە لە یەکەم گرووپەکان بوون کە گەیشتبوونە هەڵەبجە، دەکرێت زیاتر لە سەر ئەو تاوانەی سەدام و قوربانییەی خەڵکی هەڵەبجە بۆمان بدوێن؟
شەوی بۆردومانەکە لە شاخەکانی نزیک بیارە لە بارەگای خۆمان بووین کە مەودایەکی زۆری لە گەڵ هەڵەبجە هەبوو، کاتی بۆردومانەکە پاش چەند خولەکیک هەستمان بە بۆنی غازە ژەهراوییەکان کرد و دەستبەجێ دەمامکی دژە غازمان بەکار هێنا. بەرەبەیانی پاش 16 ی 3 بوو کە بە سەیارەیەکی جیپ بەرەو هەڵەبجە بەڕێکەوتین. لەو کاتەدا هەندێک خێزانی هەڵەبجەییمان بینی کە هەڵهاتبوون، باوکێک بینرا کە تەرمی منداڵەکەیی بە دەستەوە بوو، خێزانی وات دەبینی کە خەریکی هەڵکەندنی گۆڕی ناشتنی ئازیزەکانیان بوون، کە زیاتر بەرەو هەڵەبجە دەڕۆیشتی ئاستی کارەساتەکە بەرزتر دەبوویەوە. کە گەیشتمە شاری هەڵەبجە، یەکەم دیمەن کە سرنجی ڕاکێشام، خێزانێکی چوار کەسی واتە ژن و مێرد و دوو منداڵەکەیان لە کاتی چوونە دەرەوەیان لە ماڵ لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیاندا کەوتبوون. سەرم سوڕمابوو کە بۆ ناڕۆن و چاوەڕێی کێن، کە چووینە پێشەوە بینیمان کە هەموویان لە کاریگەری بۆردومانەکەدا گیانیان لە دەست دابوو، لە بێدەنگی و زوڵملێکراوییەکدا ئەوان شەهید کرابوون. هەر کۆڵان و شەقام و خانوویەکت دەبینی پڕ بوون لە تەرمی شەهیدان. گوندی عەنەب کە خەڵک لە ترسی بۆردومانەکە پەنایان بۆی بردبوو، هێندە تەرم لە سەر ڕێگاکەی کەوتبوو کە بە ناچار بەشێکی زۆری ڕێگاکەمان بە پێ بڕی، دۆخی عەنەب لە هەڵەبجە خەراپتر بوو، زۆربەی ئەو خەڵکە بە کۆمەڵ یان چەند خێزانێک پێکەوە بوون کە گیانیان لە دەست دابوو. جیاکردنەوەی ئەو خێزانانە هێندە ئاسان نەبوو. لای دایکێک منداڵێکی تەمەن چوار یان پێنج ساڵەم بینی کە بە زیندوویی مابوویەوە، خێزانەکەی هەر هەمووی مردبوون بەڵام ئەو منداڵە زیندوو بوو، منداڵەکەم هێنا و تا ئێوارە لای خۆم هێشتمەوە. ئێوارە بینیمان کە هەندێک کوڕ و کچ لە لای چۆمی دەربەندیخانەوە هاتبوون بە جەستەیەکی لاواز و دەڵێنی نیوە مردوو بوون و داوای هاوکارییان کرد، ئەوان لە دۆخێکی باشدا نەبوون، یەک لەوان ئەو منداڵەکەی لای من بوو ناسییەوە و منداڵەکەش وەک بڵێی ئەوی دەناسی، وتی مامی منداڵەکەم و داوایکرد کە ڕادەستی بکەم. پاشان هەموویان بۆ چارەسەر بەرەو پاوە بەڕێکەوتن. ئەمانە بەشێکی زۆر کەمی ئەو تراژدیایەی هەڵەبجەیە کە من بە چاوی خۆم بینیومە و هیچ کات ناتوانم وەک خۆی باسی بکەمەوە.
هەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر ئەو تاوانەی سەدام لە هەڵەبجە چۆن بوو؟
بەداخەوە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی وەک ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا بەیاننامەیان دەردەکرد، بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێز لە هەموو شتێک لە گیانی مرۆڤەکان لە کۆمەڵکوژی خەڵک گرنگترە، لەو کارەساتەش کە بینرا بێدەنگییەک هەبوو کە قەد ناتوانین لەبیری بکەین، ئەوان هیچ هەڵوێستێکیان لە بەرامبەر ڕژێمەکەی سەدام نەبوو. دەتوانم بڵێم کە جیهان هەمووی قەرزداری هەڵەبجەیە، بە تایبەت ئەو وڵاتانەی کە چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژ یان تەکنۆلۆژیای بەرهەمهێنانی ئەو چەکانەیان دایە ڕژێمی سەدام، ئەو وڵاتانە و کۆمپانیاکانیان هاوبەشی تاوانی شەهیدکردنی زیاتر لە پێنج هەزار هەڵەبجەیین.
وڵاتانی زلهێزی جیهان لە ئێستادا باس لە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو دەکەن، بۆچوونی بەڕێزتان لە سەر ئەو سیاسەتە چییە؟
ڕێگری لە چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو لە لایەن وڵاتانی زلهێزی جیهان بە تایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا تەنیا درۆیەکی ئاشکرایە، ئەو وڵاتانە خۆیان خاوەنی چەکی قەدەغەکراون کە پاشەڕۆژی مرۆڤایەتی بەرەو لەناوچوون دەبەن، ئیرادەیەکی جیهانی لە پێناو بنبڕکردن و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ نییە و ئەم بابەتە تێکەڵ بە سیاسەت و بەرژەوەندی ئابوری ئەو زلهێزانە کراوە، هەر بۆیە ناتوانین هیوامان بەو لێدوان و بڕیارانەی وڵاتانی زلهێز بێت کە دەڵێن ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی چەکی کۆمەڵکوژ دەکەین.
بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی ئەو چەکانە پێویست بە ئیرادە و هێزی نێودەوڵەتییە، کە ناتوانین بەمەش گەشبین بین، ئەگەر ویستی لەناوبردنی چەکی کۆمەڵکوژ هەیە بۆ ئەم چەکانە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە بەرهەم دێت، دژایەتی کاتێک مانای دەبێت کە هەموو کارگە و یەکەی وەبەرهێنەری ئەو چەکانە لە ناو ببرێن و موڵەتی درووستکردنیان بە هیچ وڵات و کۆمپانیایەک نەدرێت، بەڵام سەدان و بگرە هەزاران کارگە شەو و ڕۆژ چەکی کۆمەڵکوژ و قەدەغەکراو بەرهەم دێنن، بە بۆچوونی من ئەوەی کە پەیوەندی بە سیاسەت و دۆخی ئابورییەوە هەبێت لەناوبردنی هێندە ئاسان نابێت.
تێڕوانینی ئێوە لە سەر پەیوەندی دۆستانەی نێوان کوردانی ئێران و عێراق چییە؟
کوردانی ئێران و عێراق لە یەک ڕەچەڵەکن و پەیوەندی خزمایەتی و کۆمەڵایەتی زۆر لە نێو ئەواندا هەیە، کوردەکان هیچ کات شەڕخواز نەبوون و نین، بەڵام بەردەوام لە لایەن ڕژێمی سەدامەوە زوڵمیان لێدەکرا.
لە کاتی بۆردومانە کیمیاییەکەی هەڵەبجە کە خەڵکی کوردستانی عێراق ئاوارەی ئێران بوون ئەوەمان بینی کە کوردانی ئێران چۆن هاوکاری ئەوانیان کرد، ئەمەش دیمەنێکی جوانی لەو پەیوەندییە دۆستانە و برایانەی نێوانیان نەخشاند./.