بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو سێ ڕۆژنامەنووسە ئێرانییە بە ناوەکانی مورتەزا عەینودین شەعبانی، سەعید موحسین سادقی و عەلی ئەسغەر فەرەیدونی لە ماوەی هەشت ساڵ شەڕی سەپێندراوی عێراق لە دژی ئێران ڕووماڵی ئەو شەڕەیان کردووە و لە کاتی بۆردومانە کیمیاییەکەی هەڵەبجەش لەو شارەدا ئامادە بوون و لەم ڕۆژانەشدا 40 وێنەی نەبینراوی ئەو کارەساتەیان لە شارەکانی هەڵەبجە و سلێمانی لە پێشانگایەکدا نمایش کرد.
سمینارەکە بە هاوکاری دەزگای میدیایی جام کوردی، سەندیکاری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ڕێکخراوی CDO ڕۆژی پێنج شەممە 11 ی ئاداری 2021 بەڕێوەچوو.
کاروان ئەنوەر سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەو سمینارە وتی: ئەو سێ ڕۆژنامەنووسە ئێرانییە ئەزموونی گواستنەوە و ڕووماڵی شەڕەکانیان هەیە و ئێمە لە شەڕی داعش یەکێک لە کێشەکانمان ئەوە بوو کە ئەزموونی ڕووماڵکردنمان نەبوو، هاتنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەش بە دەرفەتێک زانرا کە کەڵک لە ئەزموونەکانیان وەربگیرێت.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: ئێمە ناتوانین ڕۆژنامەنووس بۆ ئەم خولانە بنێرینە دەرەوە یان مامۆستا و شارەزای بواری ڕووماڵی شەڕ لە دەرەوە بێنین، هەر بۆیە هاتنی ئێرانییەکان وەک دەرفەتێک بەکار دێنین./.