بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا بە بۆنەی جێژنی مەبعەسی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ)، وێڕای پیرۆزبایی لە سەرجەم موسڵمانانی ئێران و جیهان ئەم جێژنەیان بە خەڵاتێکی گەورە بۆ مرۆڤایەتی ناو برد و وتیان کە کۆمەڵگای مرۆڤ پێویستی بە دادپەروەری هەیە و ئەمەش یەکێک لە ئامانجەکانی پێغەمبەری ئازیزی ئیسلام بووە.
بەڕێزیان لە درێژەدا شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیان بە درێژەپێدەری هەمان ڕێبازی مەبعەس ناو برد و وتیان کە ئیمام خومەینی (رە) دیسانەوە ڕەهەندە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئیسلامی لە کۆمەڵگادا زیندوو کردەوە.
حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی وتیان کە شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە پەیرەوکردنی ڕێبازەکەی مەبعەس، دژی زوڵم و خۆسەپاندن و چەوسانەوەی خەڵک سەرکەوتنی بە دەست هێنا، لایەنگری زوڵملێکراوان بوو، لە هەر ئائین و پێکهاتەیەک و ئەم شۆڕشە مرۆڤەکانی لە جیهان بەرەو ڕێگای پیرۆزی ئیسلام بانگهێشت کرد.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: ئەو کێشانەی کە لە سەرەتای ئیسلامدا بینران، دیسانەوە بۆ شۆڕشی ئیسلامیش هاتەدی، واتە تاوانبارەکانی جیهان لە بەرامبەر ئەم شۆڕشە دەستیان بە پیلانگێڕی کرد.
بەڕێزیان وتیان: ئەڵبەت ئەمە چاوەڕوان کراویش بوو، هەر لە سەرەتاوە ڕوون بوو کە دەیانەوێت دژی ئەم شۆڕشە ئیسلامییە بوەستنەوە.
حەزرەتی ئایەتووڵا خامنەیی دوو ئامرازی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنایەتییەکانیان ڕوون کردەوە و ڕایانگەیاند کە بە بینینی ڕاستییەکان و خۆڕاگری دوژمن ناتوانێت هیچ سەرکەوتنێک بە دەست بێنێت، بینینی ڕاستییەکان واتە دۆزینەوەی ڕێگای ڕاستی و لە گێژاوی پیلانگێڕییەکان ڕێگای ڕاست و درووست هەڵبژاردن.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هەروەها وتیان: دوژمنیش دوو ئامانجی هەیە، شەڕی سەربازی و شەڕی نەرم، شەڕی نەرم مەترسیدارترە، دوژمن لەم شەڕەدا ڕاستییەکان بە پێچەوانەوە پیشان دەدات، ئەوان یەکڕیزی موسڵمان لەم شەڕەدا دەکەنە ئامانج، ئەگەر موسڵمانان هەست بە تەنیایی و بێ هیوایی بکەن و ئیرادەیان لاواز و کاڵ ببێتەوە، هێزی کاریگەری جیهانی ئیسلام لە دەست دەڕوات.
بەڕێزیان وتیان: بەرپرسانی ئەمریکا دانیان بەوەدا ناوە کە داعش دەستکردی ئەمریکییەکان بووە، بۆ ئەوەی کە بە بیانووی داعشەوە لە وڵاتانی ناوچەکە بنکەی سەربازی بکەنەوە، ئەوان هێزی میدیایی پێشکەوتوو و پارە دەدەنە داعش و دەرفەتی ئەوەش دەڕەخسێنن کە نەوتی سوریا لە ناو ببەن و بیفرۆشن و پاشان دەڵێن ئێمە شەڕی داعش دەکەین.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان کە بوونی ئێران بۆ هاوکاری چەند وڵاتێک سەربازی نییە، ئەگەر بەرپرسانی سەربازی ئێمە لەوێن بۆ ئیش و کاری ڕاوێژکاری بووە، لە هەندێک شوێن تەنیا سیاسییە، ئێرانییەکان بۆ بەرگری لە حکومەتە یاساییەکان لەو وڵاتانەن و لە سەر داوای ئەو وڵاتانەش بووە بەڵام ئەمریکییەکان بە نایاسایی ئەو وڵاتانەیان داگیر کردووە.
وتیشیان کە بە پێی یاسا و خواستی عێراقییەکان ئەمریکا دەبێت لەم وڵاتە بکشێتەوە، هەروەها لە سوریاش./.