بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستین لە غەززە ئاماری شەهیدانی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر ئەم ناوچەیەی تا 5 ی ئایاری 2025 بە 52 هەزار و 615 کەس ڕاگەیاندووە.
ئەگەرچی بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی کوژراوەکانی شەڕ و پێکدادانە چەکدارییەکان بابەتێکی نائاساییە و تەنانەت لە شەڕە گەورەکانی وەک شەڕی ئۆکرانیاش ئەنجام نادرێت، بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستین لە غەززە بەردەوام بە شێوازی ڕۆژانە ئاماری شەهیدەکانیان بڵاوکردووەتەوە.
وەزارەتی تەندرووستیی فەڵەستین بۆ بڵاوکردنەوەی ئاماری شەهیدانی شەڕی غەززە پشت بە ڕاپۆرتی نەخۆشخانەکان و زانیاری بڵاوکراوەی بنەماڵەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستن.
بەڵام توێژینەوەکانی گۆڤاری The Lancet پیشان دەدات کە ژمارەی ڕاستەقینەی شەهیدانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە تا 30 تەمموزی 2024 بەراورد بە ئاماری فەمی لە نێوان لە سەدا 46 تا لە سەدا 107 زیاتر بووە. بە بەراوردکردنی ئەم ئامارەش لە سەر نوێترین ئامارەکانی شەهیدانی غەززە، ژمارەی ڕاستەقینەی شەهیدان بە 77 تا 109 هەزار کەس خەمڵێندراوە کە دەکاتە لە سەدا 5 ی دانیشتووانی غەززەی پێش ئەم شەڕە.
بەدەر لەمەش ڕەنگە هەزاران کەس لە دانیشتووانی غەززە بە هۆکارەکانی وەک برسێتی و نەبوونی خزمەتگوزاری پزیشکی گیانیان لە دەست دابێت کە خەمڵاندنی ئەو ئامارەش کارێکی دژوارە./.