بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەم کەس پێشبینی ئەوەیان دەکرد، بەڵام ئارکادیوس میلیک گرێبەستەکەی لە گەڵ یوڤێنتوس تاوەکوو ساڵی 2027 درێژکردەوە. ئەم هێرشبەرە پۆڵەندیە لەم وەرزەدا یەک خولەک یاری نەکردووە و پێدەچێت تاوەکوو هاوینی داهاتوو یاری نەکات. میدیا وەرزشییەکان بڵاویانکردەوە کە هەرچەندە میلیک لە بەرنامەی وەرزشی یوڤێنتوسدا جێگەی نییە، بەڵام گرێبەستەکەی بۆ ساڵێکی دیکە درێژکراوەتەوە.
ئەم درێژکردنەوەیە بە جۆرێکە کە ئەو مووچەیە کە ماوەتەوە لە دوایین ساڵی گرێبەستەکەی پێشوویدا لە نیوان دوو وەرزی داهاتوودا دابەش دەکرێت. ئەم کارە بە مەبەستی پابەندبوون بە یاساکانی دارایی گیراوەتەبەر. لە گەڵ ئەوەشدا ئەگەری ئەوە هەیە ئەم هێرشبەرە لە گەڵ یوڤێنتوس بگاتە ڕێکەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکەی لە داهاتوودا./.