بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر هێمن مەحمود محەممەد پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و کۆئەندامی هەرس و گرێ شێرپەنجەییەکان ڕایگەیاندووە کە جگەر ئەندامێکی گەورە و زۆر گرنگ و سەرەکی جەستەیە و دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک لە ژێر پەراسووەکانی لای ڕاست، قەبارەی جگەر بە پێی تەمەن و ڕەگەز و قەبارەی جەستە دەگۆڕێت، لە کاتی ساغی و تەندرووستیدا هەستی پێناکرێت لە سەرووی سک، بەڵام زۆر حاڵەت دەتوانێت ببێتە هۆی گەورەبوونی.
لێرەدا ئاماژە بە چەند حاڵەتێک دەدرێت:
نەخۆشییەکانی جگەر:
وەک نەخۆشی بە مۆمبوونی جگەر، نەخۆشی هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر یان نەخۆشییەکانی دیکەی وەک کۆبوونەوەی چەوری زۆر لە سەر جگەر یان نەخۆشی وێڵسۆن و نەخۆشی گاوچەر، کیسی ئاوی سەر جگەر و وەرەم و گرێی جگەر خۆی چ شێرپەنجەیی بێت چ ناشێرپەنجەیی.
کێشەی ئەندامەکانی دیکە کە دەگوازرێنەوە بۆ جگەر:
گیران و ئاوسانی زراو و بۆرییەکانی زەرداو، گرێی شێرپەنجەیی کە لە بەشێکی دیکەی جەستە دەست پێدەکات و بۆ جگەر بڵاودەبێتەوە، شێرپەنجەی خوێن و لیمف، کێشەئ دڵ و خوێنبەرەکان وەک گیرانی ئەو خوێنبەرانەی کە خوێن بۆ جگەر دەبەن، سستبوونی دڵ، هەوکردنی شانەکانی دەوروبەری دڵ./.