بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی لە دژی ئێران، تاران هۆشدارییداوە کە لە ئەگەری هەر هێرشێک، دوورگەکانی چاگۆس، شوێنی جێگیربوونی بنکەی سەربازی هاوبەشی ئەمریکا و بەریتانیا لە دیێگۆ گارسیا دەکاتە ئامانج.
پاش بڵاوبوونەوەی چەند ڕاپۆرتێک سەبارەت بە جێگیربوونی بۆمبهاوێژە ئەمریکییەکانی B–2 لەو بنکە سەربازییە، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئێران بە ڕۆژنامەی تەلەگرافی ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر خاکی ئێران لە هەر بنکەیەکی سەربازیی ناوچەکە، ئەو بنکە سەربازییە دەکرێتە ئامانج و هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لەو بنکەیەدا هیچ جیاوازییەکییان نییە.
شارەزایان لەو بڕوایەدان کە ئێران بەم هەڕەشەیە دەیەوێت پەیامێکی پێشوەختە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بنێرێت و پیشان بدات توانای پێویستی بۆ بەئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە ناوچەکەدا هەیە.
عەلیڕەزا تەقەوی نیا شارەزای سیاسی ڕایگەیاندووە کە دەستنیشانکردنی بنکەی دیێگۆ گارسیا کە پێگەی جوگرافی ستراتیژی و پێداویستی لۆجستی و سەربازی پێشکەوتووی هەیە، پیشاندەری ئیرادەی ئێرانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە بەئامانجگرتنی بنکەی دیێگۆ گارسیا دەبێتە هۆی تێکدانی شانازی و هەژموونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەلەبەرچاوگرتنی پێگەی سەربازی و گرنگیی ئەم بنکەیە لە ستراتیژی واشنتندا، هێرشێکی وەها بەرپرسانی ئەمریکا ناچار دەکات بە پلانەکەیان لە دژی ئێراندا بچنەوە و پرسیاری جیدی لە سەر کاریگەری چەکەکانی ئەم وڵاتە درووست بکەن ئەگەر لە جوگرافیای ئێران نزیک ببنەوە.
شارەزایەکی دیکە بە ناوی محەممەد ڕەزا محەممەدی بە ئاماژە بە مووشەکە بالستییەکانی خوڕەمشار – 4 و درۆنی شاهید – 136 ی ئێران کە هەموویان توانای بڕینی مەودای زیاتر لە 4000 کیلۆمەترییان هەیە، وتی: ئێران مووشەکی پێویستی بۆ بەئامانجگرینی بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیا هەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕوونوێنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە کەشتی درۆنهەڵگری شەهید بەهمەن باقری لە مانگی ڕابردوو کە بە کەرەستەی بەرگری کورت مەودا و مامناوەند، تۆپخانەی دوورمەودا، هەواڵگری ئاسمانی و چاودێری و مووشەکی کرۆزی دوورمەودا تەیار کراوە، وتی: ئەم کەشتییە دەتوانێت سەکۆیەک بێت بۆ هەڵدانی مووشەک و درۆنی دوورمەودا بۆ بنکەی سەربازیی دیێگۆ گارسیا./.