دکتۆر مەنوچەهر حەبیبی پارێزگاری کرماشان لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لە گەڵ دەزگای میدیایی جام کوردی، جەختیکردەوە کە بە هەوڵ و تێکۆشانی بەرپرسانی پارێزگای کرماشان و پارێزگا هاوسنورەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، گەشەی هەر دوو ناوچەکە و کەڵک وەرگرتنی خەڵک لە بەرژەوەندییەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و هاوکارییەکان دەبینین.
ناوبراو بە ئاماژە بە توانا و دەفرایەتییەکانی پارێزگای کرماشان لە بوارە جیاجیاکاندا وتی کە بەدواداچوونی تایبەت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەر دوو بەشی کوردی و عەرەبی عێراق دەکرێت و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی گەلانی هەر دوو وڵات دەگاتە ئەنجامی گرنگ.
دەقی ئەو چاوپێکەوتنە لە درێژەدا هاتووە:
بەڕێزتان لەو کاتەوە وەک پارێزگاری کرماشان دەستنیشان کراون، هەنگاوی جیدیتان لە بواری هاوکاری و پەیوەندی لە گەڵ پارێزگا هاوسنورەکانی عێراق لە هەر دوو بەشی کوردی و عەرەبیدا هەبووە. کرماشان خاوەنی چ توانا و دەفرایەتییەکە کە دەتوانێت لەم بوارەدا کاریگەر بێت؟
کرماشان لە ڕاستیدا کۆمەڵێک لە توانا و دەفرایەتی و لێهاتووییە کە لە بوارە جیاجیاکاندا وێڕای ئەوەی دەتوانێت ئابورییەکەی خۆی بەرەو گۆڕانکاری ببات، لە هاوکاریکردنی پارێزگاکانی عێراقیش ڕۆڵی بەرچاو بگێڕێت. کرماشان لە بواری بازرگانی و سنورەکاندا تایبەتمەندییەکی زۆری هەیە، لە بواری گەشتیاری بە پێی ئەوەی کە ئاسەوارێکی مێژوویی زۆری هەیە، نزیکەی 4 هەزار ئاسەواری مێژوویی لە پارێزگای کرماشاندا بوونی هەیە، ڕێگای مێژوویی ساسانی لە بێستوون تا تاقوەسان و پارێزگای دیالەی عێراق وەک ڕێگای ئاورێشم هەبووە و زیندووکردنەوەی دەتوانێت کاریگەری تایبەت بە خۆیی هەبێت و ئێمە هەوڵی تۆمارکردنی ئەم ڕێگایە دەدەین. لە بواری گەشتیاری سرووشتیش بە هۆی ڕاکێشیگەلی تایبەت و کەم وێنەی ناوچەی هەورامان دەتوانێت ببێتە ئامانجی سەردانی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران، لە بواری کشتووکاڵیش کرماشان نزیکەی 900 هەزار هێکتار زەوی کشتووکاڵیی هەیە، لە بواری وەبەرهێنانی چەندین بەرهەمی وەک نۆک و گەنمەشامی پلەی باڵای لە ئێراندا هەیە و لە سەدا 5 ی کۆی گشتی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانی ئێران لە پارێزگای کرماشاندایە. لە بواری ئابوریش کرماشان چەندین کارگە و یەکەی پیشەسازی گەورەی وەک پترۆکیمیا، پاڵاوگە و چیمەنتۆ و ….. هەیە کە دەتوانێت لە گەشەپێدانی هەر دوو وڵاتدا کاریگەری هەبێت. بوونی ناوچەی ئازادی بازرگانی پارێزگای کرماشان لە قەسری شیرین دەرفەتێکی نوێیە کە لە دەرفەت و تواناکانی کرماشان زیاد کراوە. دەتوانین بڵێین کە پارێزگای کرماشان لە بوارەکانی بازرگانی، ئابوری، کشتووکاڵ، گەشتیاری و کەلتوریدا توانایەکی زۆر باڵای هەیە.
لە خولەکانی ڕابردووش سەبارەت بە پەیوەندی لە گەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق هەنگاوی زۆر هەڵگیراوە. بەڕێزتان بۆ کەڵک وەرگرتنی باشتر لە تواناکانی پارێزگای کرماشان چ بیرۆکە و دەستپێشخەری نوێتان هەیە؟
بەدەر لە توانا و دەفرایەتییە جۆربەجۆرەکانی پارێزگای کرماشان، ئەوەی کە سەبارەت بە پەیوەندی لە گەڵ هەر دوو بەشی کوردی و عەرەبی عێراقدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، پرسی سنورەکانە کە بە جیدی و شێوازی تایبەت هەوڵی بۆ دەدرێت. من بڕوام بەوە هەیە ئەگەر لە بواری سنورەکان و بازاڕچەکاندا پەیوەندی و هاوکاری زیاترمان هەبێت و پەرە بە پەیوەندییەکان بدرێت، بۆ هەر دوو وڵات ڕووداوی زۆر باش ڕوو دەدەن. ڕێژەی هەناردەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ وڵاتی عێراق ساڵانە 10 تا 12 ملیار دۆلارە کە ئەگەری هەناردەی لە سەدا 50 ی ئەم ڕێژەیە لە ڕێگای سنورەکانی پارێزگای کرماشانەوە بوونی هەیە. بە پێی دوایین ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرکی پارێزگای کرماشان، ئەمساڵ (ساڵی 1403 ی کۆچی هەتاوی) تا ئێستا نزیکەی 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کاڵا لە سنورەکانی ئەم پارێزگایەوە هەناردە کراوە کە دەکرێت ئەم ڕێژەیە بەرز بکرێتەوە و بۆ ئەمەش پرۆژەی ناوچەی ئازادی بازرگانی و پیشەسازی قەسری شیرین لە سنوری پەروێزخان خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بە دڵنیاییەوە بە ئامادەبوونی وەبەرهێنەرانی هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق داهاتوویەکی ڕوون لەم ناوچەیەدا دەبینرێت.
لە بواری ئابوری و بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان (پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی) هەندێک کێشە و گرفت بە تایبەت لە سنورەکاندا هەبووە کە بەردەوام لە لایەن شاندەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە سەردانەکەیاندا بۆ کرماشان باس کراوە. بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفت و بەربەستەکانی بەردەم پەیوەندییەکانی کرماشان و پارێزگا هاوسنورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق چ ڕێوشوێنێک گیراوەتەبەر؟
لە هەنگاوی یەکەمدا هەوڵ دەدەین پەیوەندییەکان بەرفراوانتر بن، سەردانی شاندەکانی کرماشان بۆ هەر دوو پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی زیاتر دەکەین و هەروەها ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرماشانیش ڕۆڵی زیاتر دەگێڕێت تا کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێن. بەرپرسانی هەر دوو وڵات ئیرادەیەکی بەهێزیان بۆ چالاککردنەوەی توانا سنورییەکان هەیە و ڕێگرییەکی جیدی لە بەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییەکان نابینرێت و بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان، هەلومەرجێکی باشتری ئابوری لە داهاتوودا دەبینرێت.
ئایا پلانێکتان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی عێراق بۆ بەشداری لە پرۆژەکانی پارێزگای کرماشان بە تایبەت ناوچەی ئازادی قەسری شیرین هەیە؟
یەکێک لە ئامانجەکانی کردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانی و پیشەسازی قەسری شیرین، کەڵک وەرگرتنە لە دەرفەتی توانای وەبەرهێنەرانی بیانی بە تایبەت عێراقی. لە کاتی دانانی بەردی بناغە و دەستپێکردنی ئەم پرۆژەیە پێشوازیمان لە سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە هەرێمی کوردستان کرد و ئەمەش بەڵگەیە لە سەر ئەوەی کە هەر دوو لا دەیانەوێت لە پرۆژەکان و وەبەرهێنانی هاوبەشدا بەشداری بکەن.
سەرەڕای توانایەکی زۆر لە بواری وەرزش و گەنجان، بەداخەوە هیچ هەنگاوێک بۆ پەیوەندی لە گەڵ وڵاتی عێراق لەم بوارەدا نەنراوە. وەک باڵاترین نوێنەری حکومەت لە پارێزگای کرماشان چۆن دەتوانین کەڵک لە توانا و دەرفەتە وەرزشییەکان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق وەربگرین؟
یەکێک لەو بابەتانەی کە دەبێتە هۆی پەرەپێدانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، وەرزش و گەنجانە. سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ئەسپی ڕەسەنی کورد کە لە نێوان پارێزگای کرماشان و هەرێمی کوردستاندا هاوبەشە، دەتوانێت پەرە بە وەرزشی ئەسپسواری بدرێت. بە بۆنەی ساڵیادی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە گرووپێک لە پاسکیلسوارانی کرماشان بۆ گەیاندنی پەیامی دۆستایەتی و پێکەوەیی چوونەتە شارەکە و ئەوەش بسەلمێنین کە لەم بوارەشدا دەتوانین کار بکەین، هەروەها مێهرەجانە وەرزشییەکان لە داهاتوودا لە نێوان هەر دوو لا بەڕێوە دەچێت.
لە بواری ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیش دەتوانرێت پەرە بە پەیوەندییەکان بدرێت و ئەمەش کاریگەری لە سەر پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان دەبێت. لەم بوارەدا چ ئامۆژگارییەکتان بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای کرماشان هەیە؟
لە بواری ڕۆشنبیری دەتوانین ئاماژە بە ڕووداوی گەورەی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) یان ” اربعین ” بدەین. ڕووداوێکی گەورە و نێودەوڵەتی کە پەیوەندی بە دوو وڵاتی ئێران و عێراق بە تایبەت پارێزگای کرماشان و پارێزگا هاوسنورەکان هەیە. ئەم ڕووداوە گەورە ڕۆشنبیرییە یارمەتی یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەر دوو وڵات دەدات. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێرانی بۆ زیارەتی مەزارە پیرۆزەکان سەردانی وڵاتی عێراق دەکەن و بە باشترین شێواز پێشوازییان لێدەکرێت، بە جۆرێک کە زیارەتکاران بیرەوەرییەکی زۆر باش لەو هەموو پێشوازی و یەکڕیزییە بە یادگار دەبەن.
یەکێک لە بوارە گرنگەکانی پەیوەندی نێوان کرماشان و هەرێمی کوردستان و عێراق، گەشتیاری تەندرووستییە. بەداخەوە کە کرماشان سەرەڕای ئەو هەموو توانا و تایبەتمەندییە، بە هۆی چەند کێشەیەکی وەک دەڵاڵی و وەرگرتنی تێچووی زیادە و گلەیی لە نەبوونی خزمەتگوزاری شیاو، لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ڕەزامەندی عێراقییەکان بە دەست بێنێت. چۆن دەکرێت کرماشان کەڵک لەم توانا و دەرفەتە وەربگرێت؟
پارێزگای کرماشان لە بواری گەشتیاری تەندرووستیدا خاوەن توانا و دەفرایەتییەکی زۆر گەورەیە. زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشان لە ئاستی ئێراندا پلە و پێگەیەکی باڵای هەیە. مامۆستا و زانا و پزیشکی زۆر بەناوبانگ لەم پارێزگایەدان و لە ڕووی پێداویستی و کەرەستەی پزیشکیشەوە کرماشان ژمارەیەکی زۆر گەورەیە لە ئاستی وڵات، هەموو ئەمانە بەستێنی خزمەتگوزارییەکی باشیان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق دابین کردووە. لە هەر دوو کەرتی حکومی و تایبەتدا هەنگاوی زۆر گەورە هەڵگیراوە و پلانی ئەوەش هەیە نەخۆشخانەی زیاتر بۆ ئەم بوارە ئامادە بکرێت. یەکێک لەو کێشانەی بوونی هەیە، ئەوەیە کە ئەو نەخۆشانەی لە وڵاتی عێراقەوە دێنە کرماشان بە هۆی ئەوەی کە هاوئاهەنگی لە نێوان هەر دوو وڵاتدا نییە، بە باشی کەڵک لە توانا و خزمەتگوارییەکان وەرناگرن. لە سەردانەکەی ئەم دواییەم بۆ پارێزگای دیالە لە گەڵ پارێزگار گەیشتمە ڕێکەوتن کە سەنتەرێکی هاوبەش لە بواری گەشتیاری تەندرووستی بۆ وەرگرتنی نەخۆشە عێراقییەکان و ناردنیان بۆ کرماشان بکرێتەوە. ئەو سەنتەرە نەخۆشە عێراقییەکان دەنێرێتە ئەو نەخۆشخانانەی کە سەر بە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کرماشانن. پارێزگای کرماشان ئەو توانایەی هەیە کە باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە نەخۆشە عێراقییەکان بکات. سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش لە سەردانی داهاتووم بۆ سلێمانی و هەڵەبجە ئەم بابەتە لە گەڵ هاوتاکانم تاوتوێ دەکەم. ئامانج ئەوەیە کە نەخۆشە عێراقییەکان بە دڵنیایی زیاترەوە سەردانی کرماشان بکەن و لە هەمان کاتدا باشترین خزمەتگوزاری وەربگرن.
نەورۆز بۆنەیەکی کەلتوریی هاوبەشە لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان. وەک باڵاترین نوێنەری حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای کرماشان، چ پەیامێکتان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە کە دەیانەوێت سەردانی کرماشان بکەن؟
ئابوری و ئاسایش و تەنانەت بواری کۆمەڵایەتی ئێمە لە گەڵ وڵاتی عێراق پێکەوە گرێدراوە. زیاترین هاوبەشی مێژوویی، کەلتوری، ئایینی و کۆمەڵایەتیمان لە گەڵ وڵاتی عێراق هەیە، بە تایبەت لە گەڵ هەرێمی کوردستان. یەکێک لە بابەتە کەلتورییە هاوبەشەکان نەورۆزە. کرماشان یەکێکە لە ئامانجەکانی گەشتیاری لە وڵاتی ئێران و وەک ئاماژە درا زیاتر لە 4 هەزار ئاسەواری مێژوویی هەیە، دەتوانین ئاماژە بە ناوچەی هەورامانیش وەک ناوچەیەکی دەوڵەمەند بە سرووشتێکی جوان و کەم وێنە بدەین، هەروەها شوێنەکانی وەک بێستوون و تاقوەسان. ئامادەیی ئەوەمان هەیە کە لە نەورۆزدا پێشوازی لە میوانانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکەین. هوتێل و میوانخانە و هەموو پێداویستییەکان ئامادە کراون. ناوەندی ئاسانکاری نەورۆزیش بەردەوام کۆبوونەوەکانی بەڕێوە دەبات و بە ئامادەییەوە دەچینە پێشوازی نەورۆز و میوانانی نەورۆزی.
لە کۆتاییدا چ پەیامێکتان بۆ خەڵک و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هەیە؟
ئەم پەیوەندی و هاوکارییانەی هەیە بەشێکی زۆر بچووکە لەوەی کە دەتوانین و دەبێت هەوڵ بدەین ئاستی پەیوەندییەکان بەرز بکەینەوە لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، کەلتوری و کۆمەڵایەتی. ئابوری و ئاسایشی هەر دوو لا پێکەوە گرێدراوە و بە دڵنیاییەوە ئەم پەیوەندییانە لە بەرژەوەندی گەلانی هەر دوو لا دەبێت. هەربۆیە دەبێت بەرپرسانی هەر دوو لا هەوڵ بدەین پەرە بە پەیوەندییەکان بدەین. هاتووچۆی شاندە سیاسی و ئابوری و بازرگانییەکان دەبێت زیاتر بکرێت و ئاسانکاریش بۆ ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و هاتووچۆی خەڵک و گەشتیاران بکرێت تا بە یارمەتی خودای گەورە گەشەی هەر دوو ناوچەکە بە چاو ببینین./.