بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە باڵیۆزی ئەفریقای باشور شوێنی لەم وڵاتەدا نابێتەوە.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند کە ” ئیبراهیم ڕەسوڵ باڵیۆزی ئەفریقای باشور لە واشنتن کەسێکی ڕەگەزپەرستە و نەفرەتی لە ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ هەیە، ئێمە کارمان لە گەڵ ئەودا نییە و کەسێکی نەخوازراوە “.
چاوەڕوان دەکرێت ئەم بڕیارە ئاڵۆزییەکانی نێوان هەر دوو وڵات زیاتر بکات.
دۆناڵد ترەمپ لە شوباتی ڕابردوودا فەرمانی ڕاگرتنی هاوکارییەکانی بۆ ئەفریقای باشور دەرکرد و ڕایگەیاند کە یاسایەک لەم وڵاتەدا هەیە کە ڕێگا بە دەستبەسەرداگرتنی زەوی کشتووکاڵی جوتیارانی سپی پێست دەدات.
ئەفریقای باشور لە شەڕی غەززەدا سکاڵای لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی تۆمار کرد کە بووە هۆی دەرکردنی بڕیاری دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیران و وەزیری پێشووی شەڕی ئەو ڕژێمە لە لایەن دادگای تاوانی نێودەوڵەتییەوە./.