بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هەواڵی ناخۆش پشتڕاست کرایەوە! فلۆریان ویرتز لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی 8ی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونشن ئامادە نابێت. ئەمە هەواڵێکی سەرسوڕهێنەرە بۆ هاندەرانی بایرلێڤەرکوزن.
یانەی بایرلێڤەرکوزن ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە فلۆریان ویرتز لە یاری ڕابردووی بەرامبەر ڤێردەربرێمن لە پێی ڕاستیدا تووشی پێکان بووە.
سیمۆن ڕۆلفس بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بایرلێڤەرکوزن سەبارەت بە دۆخی فلۆریان ویرتز ڕایگەیاند: ئامادەنەبوونی فلۆریان لەم کاتە هەستیارەی وەرزدا بێگومان کاریگەری نەرێنی هەیە. بەڵام ئێمە جێگەی ئەو بە تیپێکی بەهێز پڕ دەکەینەوە. ئێمە فلۆریان زۆر باش دەناسین و دڵنیاین کە بە هاندانێکی زۆرەوە و بە باشترین شێوە دەگەڕێتەوە. هەمووان لە ئەو پشتگیری دەکەن و باوەڕمان وایە ئامادە دەبێت بۆ کۆتاییەکی سەرنجڕاکێشی ئەم وەرزە./.