بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل بەقایی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە شەڕ و پێکدادانە ناوخۆییەکانی سوریا، وتی: ئێران بە وردی چاودێری گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی سوریا دەکات و بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ هەواڵ و ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی توندووتیژی و ناسەقامگیری لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە دەکات.
ناوبراو جەختی لە سەر هەڵوێستی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە پێویستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری سوریا و دابینکردنی بەستێنی پێویست بۆ پێکەوەژیانی ئاشتیانەی سەرجەم پێکهاتەکان و چین و توێژەکانی ئەم وڵاتە و لە هەمووش گرنگتر پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی سوریا بە تایبەت لە بەرامبەر دەستدرێژی و هەڕەشەکانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی کردەوە و وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە وەبیرهێنانەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتی حکومەتە کاتییەکەی سوریا بۆ دابینکردنی ئاسایشی سەرجەم دانیشتووانی سوریا، دژی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری و توندووتیژی و کوشتنی خەڵکە لە لایەن هەر گرووپ و هۆزێکەوە بێت و ئەمەش بە هۆکاری ناسەقامگیری زیاتر و بەستێنی دەستێوەردانی لایەنەکانی دیکە بە تایبەت ڕژێمی زایۆنیستی دەزانێت./.