بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەکەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە ماڵئاوایی ملیۆنی و بەشکۆی خەڵک لە تەرمی شەهیدان نەسروڵڵا و سەفیەدین، پیشاندەری زیندووبوونی حزبوڵڵا، گوتار و مەکتەبی خۆڕاگریی دژە زایۆنیستی موسڵمانانی جیهانە.
سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە پرسە و ماڵئاوایی شایستە و سەرسوڕهێنەری سەرکردەکانی خۆڕاگری، شەهیدان سەید حەسەن نەسروڵڵا و هاشم سەفیەدین، بە ئامادەبوونی پڕ لە سۆز و شکۆمەندانەی خەڵک لە نەتەوە و مەزهەب و لایەنە جیاجیاکان، لە سایەی هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا، بووە ئامرازی پیشاندانی هێزی ئیسلامی و یەکگرتوویی نیشتمانی لوبنانییەکان و دەنگدانەوەیەکی گەورەی جیهانیی لە دژی زایۆنیستەکان بە دوای خۆیدا هێنا.
لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئەم ڕووداوە مێژووییە گەورەیەی جیهانی ئیسلام و لوبنان پیشانیدا کە حزبوڵڵای قارەمان و خۆڕاگریی سەرکەوتووانەی لوبنان و موسڵمانانی جیهان لە هەنگاونان بەرەو پێشەوە بەردەوامە و بە زیندوویی و هێزی زیاترەوە بەرەو سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجی کۆتایی هەنگاو دەنێت و شەهیدانی خۆڕاگری بە تایبەت تێکۆشەری ماندوونەناس و سەرکردەی پێشەنگ، سەید حەسەن نەسروڵڵا، جەمسەرنوێن و ڕێگاپیشاندەری تا گەیشتن بە ئازادی قودس دەبێت.
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە کە سەرکردەکانی ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی دەبێت بزانن کە لەو چارەنووسەی چاوەڕوانیان دەکات دەربازبوونیان نییە و دەخرێنە ژێرپێی ئەو کەسانەی کە درێژە بە ڕێبازەکەی شەهیدان سەید حەسەن نەسروڵڵا، یەحیا سینوار و قاسم سولەیمانی دەدەن تا جیهان پاکبوونەوەی ناوچەکە لە بوونی ناپاکی ڕژێمی تیرۆریست و منداڵکوژی زایۆنیستی ببینێت./.