بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گوندی هەجیج بە دووری 34 کم لە شاری پاوە و 156 کم لە کرماشانەوە هەڵکەوتووە. پاوە یەکێکە لە شارە سنورییەکانی پارێزگای کرماشان کە بە دووری 122 کم لە باکوری ڕۆژئاوای ئەم پارێزگایە هەڵکەوتووە. کەواتە بڕۆ بۆ کرماشان و لەوێشەوە سەردانی پاوە بکە. ڕێگای کرماشان بۆ پاوە نزیکەی دوو کاتژمێری دەوێت و لە پاوە تا هەجیج 34 کیلۆمەتر جادەی کوێستانی لە پێشتەوەیە.
بۆچی ئەم گوندە ناوی هەجیجی لێنراوە؟
ئەو شوێنەی هەجیجی لێیە دۆڵێکە کەش و هەوای باش و ژینگەیەکی سەوزایی هەیە. هەجیج، بە زمانی ئەو ناوچەیە، بە واتای سەوز و دۆڵی قووڵ دێت هەر بۆیە بەم شێوەیە ناونراوە.
هەجیج؛ گوندی پلیکانە
لەم گوندە نایابەدا هەموو شتێک پڕە لە ئارامی و ئینتیما، تەنانەت ماڵەکانیش. گوندێک کە فۆرمی تایبەتی تەلارسازی و پێکهاتەکەی نزیکی و یەکگرتوویی خەڵکەکەی پیشان دەدات. خانووەکان بە جۆرێک پێکهاتوون کە سەقفی ماڵێک حەوشەی ماڵی دراوسێ بێت! خانووەکان بە بەرد درووستکراون، بە شێوەی دوو نهۆمی دیواری وشک، ڕوویان لە ڕووباری سیروان کردووە.
شوێنە گەشتیارییەکانی هەجیج
ڕووباری سیروان:
لێوارەکانی ئەم ڕووبارە و دیمەنە سەوزەکانی لە هاوینەهەواری گەشتیارانن لە وەرزی بەهار و هاویندا.
بەنداوی داریان:
داریان ناوی بەنداوی گوندی هەجیجە، بەنداوێکە لە سەر ڕووباری سیروان درووستکراوە و دەکەوێتە دەوروبەری هەجیج و گوندی داریان. بوونی ئەم بەنداوە و ڕووباری سیروان وایکردووە گەشتیاران بتوانن بەلەم سواری بکەن.
کانیاوی ئاوی بڵ:
بڵ کانییەکە کە ئاوە سپییەکەی لە شاخەوە دێتە دەرەوە و تایبەتمەندی شیفا و کانزایی هەیە و ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا پڕە لە ئاو.
کۆسەی هەجیج:
یەکێک لە شوێنە ئاینییەکانی هەجیج ئیمامزادە عوبەیدوڵڵایە کە بە کۆسەی هەجیج ناسراوە و لە لایەن خەڵکی گوندەکەوە ڕێزی زۆری لێدەگیرێت.
مزگەوتی هەجیج:
مزگەوتی گوندەکە ستوونی دار و نەخشی جوانی لەسەرە.
چله خانه:
بە شوێنی پەرستن دادەنرێت. ناوەوەی ئەم شوێنە بەردە، بە قوڕ داپۆشراوە و ستوونی دارە. ئەم شوێنە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی دووەمی کۆچی و یەکێکە لە کارە مێژووییەکانی ئەم گوندە.
کەی گونجاوە سەردانی هەجیج بکەن؟
گوندی ههجیج کەش و هەوایەکی مامناوەند و کوێستانیی هەیە. لە وەرزی زستاندا بە هۆی باران و بەفرەوە کەش و هەوای ئەم ناوچەیە ساردە، لە وەرزی بەهار و هاوینیشدا کەش و هەوا زۆر خۆشە. بەڵام باشترین کات بۆ چوون بۆ هەجیج بەهار و هاوینە.
مانەوە له هەجیج
خەمی مانەوە لە گوندی ههجیج مەخۆ، چونکە لەم گوندەدا میوانخانە و شوێنی نیشتەجێبوون زۆرە. بێگومان کاتێک زۆرێک لە گەشتیاران گەشت دەکەن بۆ ئەم ناوچەیە، گوندنشینانیش خانووەکانیان بە کرێ دەدەن بە گەشتیاران./.