پاش ئۆپەراسیۆنە سەرکەوتوو و کەم وێنەکەی بزوتنەوەی حەماس لە 7 ی تشرینی 2023 کە بە زریانی ئەقسا ناسراو و شکستی هەواڵگری و سەربازیی ڕژێمی زایۆنیستیی سەلماند، تەل ئەبیب شەڕێکی هەمەلایەنەی لە دژی فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە دەستپێکرد.
شەڕی 15 مانگەی زایۆنیستەکان بە پشتیوانی سیاسی، سەربازی، هەواڵگری و دارایی ئەمریکا و چەندین وڵاتی ڕۆژئاوا و تەنانەت چەند وڵاتێکی عەرەبی ناوچەکە بووە هۆی شەهیدبوونی نزیکەی 50 هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 هەزار کەس. بەدەر لەمەش لە ئەنجامی بۆردومانەکانی سوپای زایۆنیست، بەشێکی زۆری کەرتی غەززە ڕووخاوە و زیانێکی زۆری مادی بەم ناوچەیە و خەڵکەکەی گەیشتووە.
سەرەڕای ئەو هەموو کوشتار و کاولکارییەی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە، پرسیار ئەوەیە کە ئایا تەل ئەبیب لە بەرامبەر بزوتنەوەی حەماس و خۆڕاگریی گەلی فەڵەستین سەرکەوتنی بە دەست هێناوە؟
ڕژێمی زایۆنیستی و سەرۆک وەزیرانە خوێنمژەکەی پاش 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 دوو ئامانجی سەرەکییان بۆ دەستپێکردنی شەڕی غەززە دژ بە فەڵەستینییەکان دیاری کرد. ئازادکردنی دیلەکان و لەناوبردنی حەماس.
ئایا ڕژێمی زایۆنیستی لە مسۆگەرکردنی ئەم دوو ئامانجەدا سەرکەوتوو بووە؟
وەڵامەکە دیارە و جیهان هەمووی دەزانێت کە ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێگای سەربازی و هێرشە بەردەوامەکانی بۆ غەززە هیچ یەک لە دیلەکانی ئازاد نەکردووە و بزوتنەوەی حەماسیش بوونی ماوە و سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەی خۆیە.
زایۆنیستەکان لە پاش 15 مانگ شەڕی پاڵپشتیکراو لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە بە ناچار ڕێکەوتنی ئاگربەستیان قبووڵ کرد. ئەوان بۆ ئەم ڕێکەوتنەش پەنایان بۆ ئەمریکا و نێوەندگێڕی چەند وڵاتێکی عەرەبی وەک میسر و قەتەر برد.
ئەنجامی ئەم شەڕە ئەگەرچی بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی غەززە، بەڵام دۆسیەی فەڵەستین جارێکی دیکە بە جیهانی کرا و پیلانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ لەناوبردنی شکستی هێنا. سەرەڕای ئەمەش زایۆنیستەکان تووشی شکستێکی گەورەی سەربازی و هەواڵگری بوون و حەماسیش وەک هێڵی یەکەمی ئەم خۆڕاگرییەی گەلی فەڵەستین سەربەرزانە ماوەتەوە و درێژە بە خەباتی گەیشتن بە ئامانجە گەورەکەی ئازادی قودس و فەڵەستین دەدات./.