بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زانایانی چینی پلانێکیان بۆ درووستکردنی وێستگەیەکی گەورەی وزەی خۆر بە درێژایی یەک کیلۆمەتر لە بۆشایی ئاسمان ڕاگەیاند کە بەردەوام وزە دەگوازێتەوە بۆ سەر زەوی لە ڕێگەی مایکرۆوەیڤەوە. زانایان لەم پڕۆژەیەدا بۆ گواستنەوەی پارچە و کەرەستە بۆ درووستکردنی وێستگەی وزەی خۆر، مووشەکە نوێیەکانیان بەکار دەهێنن.
بە پێی ئەو پێشبینییانەی کە کراوە، ئەو بڕە وزەیەی کە ئەم وێستگەی وزەی خۆر لە ماوەی ساڵێکدا لە بۆشایی ئاسمان هەڵیدەمژێت زیاترە لەو بڕە وزەیەی کە دەتوانرێت لە ڕێگەی نەوتەوە لە سەر زەوی بەرهەم بهێندرێت.
بە وتەی لانگ لێهایۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەم پڕۆژەیە، لەم قۆناغەی پڕۆژەکەدا زانایان سەرنجیان لە سەر موشەکەکانی (لانگ مارس) ی چینە، چونکە بڕیارە ئەم موشەکانە پارچەی پێویست بۆ درووستکردنی وێستگەی وزەی خۆر ببەن بۆ بەرزی ٣٦ هەزار کیلۆمەتر لە ڕووی زەویەوە.
چین تاکە وڵات نییە کە بیر لە پلانەکانی درووستکردنی وێستگەیەکی وزەی خۆر لە بۆشایی ئاسماندا دەکاتەوە. کۆمپانیاکانی “لۆکهید مارتن” و “نۆرثرۆپ گرومان” لە ئەمریکا، هەروەها ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەورووپا و ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ژاپۆنیش هەوڵدەدەن پڕۆژەیەکی هاوشێوە ئەنجامبدەن، بەڵام دەکرێت بڵێین چین لە پێش ڕکابەرەکانی دیکەوە وەستاوە./.