بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کاریگەرییەکی زۆری لە سەر کەرتی گەشتیاریی ئەردەن داناوە. لە ئێستادا 50 هەزار لەو کەسانەی کە لە کەرتی گەشتیاریدا چالاکی دەکەن، مەترسی لەدەستدانی کارەکانیان لە سەرە.
شەڕی غەززە و بەردەوامی دەستدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە وایکردووە کە زۆربەی دامەزراوە گەشتیارییەکانی وڵاتی ئەردەن بەرەو داخران هەنگاو بنێن. دامەزراوە گەشتیارییەکانی ئەردەن ڕوبەڕوی قەیرانێکی گەورە بوونەتەوە، ئەوان ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی خۆیان دەرکردووە و مەترسی دەرکردنی 50 هەزار کەسی دیکەش لەئارادایە.
دەستەی چاودێریی کرێکارانی ئەردەن ڕایگەیاندووە کە فەرمانبەران و چالاکوانانی کەرتی گەشتیاریی ئەم وڵاتە ڕوبەڕوی مەترسییەکی جیدی بوونەتەوە و هەڕەشە لە سەرچاوە داراییەکانی ئەوان دەکرێت و هۆکارەکەشی بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە بە هۆی شەڕی سەپێندراوی غەززە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە.
لە ڕاپۆرتێکی ئەو دەستەیەدا هاتووە کە دامەزراوە گەشتیارییەکانی ئەردەن ڕوبەڕوی کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی گەشتیاران بوونەتەوە و ئەمەش وایکردووە کە چالاکییەکانی ئەوان بە ڕێژەی لە سەدا 70 دابەزێت.
حوسێن هەلالات جێگری سەرۆکی یەکێتی هوتێلەکانی ئەردەن ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 2020 کە کۆرۆنا دەستیپێکرد تا کۆتایی ساڵی 2024، لانیکەم 126 هوتێلی ئەم وڵاتە داخراون و ئەوانی دیکەش بە هۆی بەردەوامی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، ڕوبەڕوی کەمبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی گەشتیاران بوونەتەوە و بە دەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن./.