بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەقید یوسف ئەشرەفی وتی: ئەفسەرانی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە فەرماندەیی پۆلیسی شاری مەهاباد، لە چالاکیی تاکێک سەبارەت بە گواستنەوەی باری ماددە هۆشبەرەکان بە ئۆتۆمبێلی پراید لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە ئاگادارکرانەوە و ئەو پرسەیان خستە بەرنامەی کاری خۆیانەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد کە هێزەکان چەند تیمێکیان پێکهێنا و هەماهەنگییان لە گەڵ دەسەڵاتی دادوەری کرد بۆ ناسینەوەی تۆمەتبارەکان وە لە کاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلێکەدا لەسەر ڕێگای ورمێ – مەهاباد، ١٥ کیلۆ مادەی هۆشبەری جۆری شیشە دۆزرایەوە کە بە زیرەکی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا شاردرابووە.
عەقید ئەشرەفی لە درێژەدا ڕایگەیاند کە تۆمەتبارەکە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی ڕادەستی دەزگای داد کرا.
ناوبراو وتی: پۆلیس لە هیچ هەوڵێک بۆ باشترکردنی هەستی ئاسایش لای هاووڵاتیان خۆی بەدوور ناگرێت./.