بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ئەبازەید وەزیری دارایی لە حکومەتی کاتیی سوریا بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاندووە کە ڕێژەی قەرزە دەرەکییەکانی ئەم وڵاتە 20 تا 23 ملیار دۆلارە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوایین سەرۆک وەزیرانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد لە پاش کەوتنی دیمەشق بە میدیایەکی کوردیی ڕاگەیاندبوو ئێران ساڵانە 3 ملیار دۆلار قەرزی بەو وڵاتە داوە و لە ئێستادا ڕێژەی قەرزەکانی ئێران لای سوریا 30 ملیار دۆلارە.
لە لایەکی دیکەوە ماهیر خەلیل حەسەن وەزیری نوێی بازرگانی سوریا ڕایگەیاندووە کە ئەم وڵاتە بە هۆی سزاکانی ئەمریکاوە ناتوانێت گرێبەستی هاوردەکردنی گەنم و سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکانی دیکە واژۆ بکات، لە کاتێکدا کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بۆ هاوکاریکردنی سوریا لەم بارودۆخەدا ڕەزامەندییان دەربڕیوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە حکومەتی نوێی سوریا بۆ پێداویستی چەندین مانگ گەنم و سووتەمەنی پاشەکەوت کردووە بەڵام ئەگەر سزاکانی ئەمریکا بەردەوام بن، لە سوریا کارەسات ڕوو دەدات./.