بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەکبەری لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی سوریا وتی: کەس چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە ئەم گۆڕانکارییانە بەم خێراییە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا ڕوو بدات. نەک تەنیا بەرپرسانی حکومەتی سوریا پێشبینی ئەمەیان نەدەکرد، بەڵکوو ئەوانەش کە لە پشتەوەی ڕووداوەکاندا بوون و بە جۆرێک پلانەکەیان بەڕێوەدەبرد، تووشی شۆک بوون.
ناوبراو وتی: تەنانەت کەسانێک کە ئۆپەراسیۆنەکەیان دەستپێکرد، ئامانج و درووشمە سەرەتاییەکانی ئەوان تەنیا وەڵامێک بۆ کردەوەکانی بە ناو دوژمنەکەیان بوو، بە واتایەکی دیکە چەند ڕۆژ پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکان، فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوریا و ڕووسیا بنکە و پێگەکانی ئەوانیان بۆردومان کردبوو و ئەوانیش بە ئامانجی تۆڵەکردنەوەی ئەم بۆردومانە دەستیان بە چالاکی کرد.
ئەکبەری وتی: خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ئەم ئۆپەراسیۆنانە سەرەتا لە ناوچەیەکی دوور لە حەلەب و لە باکوری ئەم وڵاتەوە دەستیپێکرد، شوێنێک کە ئامانجیان تەنیا لێدانێک لە سوپای سوریا و ڕاگەیاندنی سەرکەوتن لە ئۆپەراسیۆنێکی سنوررداردا بوو، بەڵام کاتێک چالاکییەکەیان دەستپێکرد و سوپای سوریا لە بەرامبەر ئەواندا بەرگری نەکرد، ئەوان هاندران ئۆپەراسیۆنەکان لە چەند قۆڵەوە بەرفراوانتر بکەن.
باڵیۆزی ئێران لە سوریا وتی: لە ئاکامدا شاری حەلەب کە زیاتر لە چوار یان پێنج ساڵ لە بەرامبەر کەوتندا خۆڕاگری کردبوو، لە دەرفەتێکی زۆر کورتدا لە ماوەی یەک یان دوو ڕۆژدا کەوت. ئەم ڕووداوە بە ڕادەیەک چاوەڕواننەکراو بوو کە سەرجەم هاوکێشەکانی تووشی گۆڕانکاری کرد و هەلومەرجەکەی بە شێوازی سەرەکی خستە ژێر کاریگەرییەوە.
حوسێن ئەکبەری وتی: گرنگترین لایەنی کاریگەر لەم ڕووداوانەدا، رۆڵی ڕژێمی زایۆنیستییە. ئەم ڕژێمە نایەوێت لە سوریادا حکومەتێکی بەهێز هەبێت کە ببێتە هەڕەشەیەک بۆی. سیاسەتەکانی ئەمریکاش بە پێی بەرژەوەندییەکانی ڕژیمی زایۆنیستی دادەڕێژرێت. ئەمانە کێشەکانی ئێستای بەردەم سوریان.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئێمە پێشبینی وەها دۆخێکمان کردبوو. تەنانەت خۆم لە چاوپێکەوتنێکدا ڕامگەیاند کە ئەگەر ئەم کەسانە حۆمس داگیر بکەن، بە دڵنیاییەوە پێش گەیشتن بە دیمەشق، بە هۆی ئەوەی کە ویستی پێکهێنانی حکومەتیان هەیە، دەستدرێژی ناکەنە سەر باڵیۆزخانەکان، ئیشیان بە کەمینەکانەوە نییە و شوێنە پیرۆزەکان و ئێرانییەکان ناکەنە ئامانج. ئەم بابەتەم بە فەرمی ڕاگەیاند و لە کەناڵی المیادین ئەمەم پێشبینی کردبوو.
ئەکبەری وتی: بەڵام پێش ئەوەی کە ئەم هێزانە بگەنە دیمەشق، دیاربوو کە هەندێک کەسی گوماناوی و نەناسراو بە تایبەت لە باشوری دیمەشق، دەستیان دایە تاڵانکردن. بە پێی ئەم هەلومەرجە پێشبینی من ئەوە بوو کە یەکەم شوێن کە هێرشی بکرێتە سەر، باڵیۆزخانەی ئێمە، ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری، کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەی عێراق دەبێت. هەر ئەمەش ڕوویدا. شوێنەکانی دیکە بە پارێزراوی مانەوە. خۆشبەختانە ئەمەمان لە پێشدا پێشبینی کردبوو و ئامادەییمان هەبوو.
نابراو وتی: تا شەوی شەممە کە لە ڕۆژی دواتریدا کەوتنی دیمەشق ڕوویدا، تا کاتژمێر 11 ی شەو لە گەڵ بەشێک لە هاوکارەکانم لە بینای باڵیۆزخانەدا بووم، تەنانەت هەندێک چاوپێکەوتنم هەبوو و لە نزیکەوە بارودۆخەکەم وردبینی دەکرد، بەوە گەیشتم کە هەموو شتێک ڕێکەوتنی لە سەر کراوە و تەواو بووە. هەر بۆیە هەمان شەو بە هاوکارەکانم ڕاگەیاند کە مانەوە لە باڵیۆزخانە سوودی نییە و ڕەنگە هەندێک گرووپی گوماناوی دەستێوەردان بکەن و هەوڵی گەیشتن بە بەڵگەنامەکان، کەرەستەکان یان ئیمکانیاتی تایبەت بدەن.
ئەکبەری وتی: بەم هۆیەوە بڕیاردرا کە سەرجەم کەسانی پەیوەندیدار بە باڵیۆزخانە ڕەوانەی بەیروت بکەم، خۆشبەختانە هیچ کەس زیانی پێنەگەیشت و هیچ تێچوویەکمان نەبوو. ئەم گرووپە ڕایانگەیاندووە کە کێشەیان لە گەڵ ئێمەدا نییە. ڕۆژی دواتر کە گەیشتنە دیمەشق، ئاسایشی باڵیۆزخانەکەی ئێمەیان دابین کرد و پاسەوان و بەربەستیان بۆ داناوە.
وتیشی کە ئامانجمان ئەوەیە لە زووترین کاتدا چالاکییەکانی کۆنسووڵخانە دەست پێبکاتەوە و ئەوان ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاندووە و دڵنیاییان لە سەر دابینکردنی ئاسایشی باڵیۆزخانە و چالاکییەکانی دیکە داوە و لە داهاتووشدا باڵیۆزخانە چالاکییەکانی بە فەرمی دەست پێدەکاتەوە./.