بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ئێستادا داهاتووی سوریا و تەنانەت ناوچەکە بەندە بە تێڕوانینی گرووپە چەکدارەکان لە سەر پرسە ناوخۆییەکانی ئەم وڵاتە، لە بەر ئەوەی کە سوریا پێگەیەکی ستراتیژی و زۆر گرنگی لە ناوچەکەدا هەیە و دۆخی ئەمنی ئەم وڵاتە بە دڵنیاییەوە کاریگەریی لە سەر ناوچەکە بە گشتی دەبێت.
ئەو گرووپە چەکدارانەی کە چوونەتە دیمەشق، بەرپرسیارێتییەکی هەستیاریان کەوتووەتە ئەستۆ، ئەم گرووپانە دەتوانن بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو لایەنانەی خێرخوازی گەل و وڵاتی سوریا نین، بە تایبەت ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، ئەم وڵاتە لە گێژاوی پیلانگێڕی و ناسەقامگیری ڕزگار بکەن. ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بەردەوام بۆ ئاژاوەگێڕی و جێبەجێکردنی پیلانەکانی خۆیان لە سوریا هەوڵ دەدەن.
ڕەوتی ڕووداوەکان – سەرەڕای ڕوودانی هەندێک دەرئەنجامی نەرێنی – تا ئێستا بە جۆرێک بووە کە عەقڵانییەت و تەکتیک بە سەر ئاژاوەگێڕی بێ سنووردا زاڵ بووە. لێدوانی محەممەد غازی جەلالی سەرۆک وەزیرانی ئێستای سوریا و ڕاگەیاندنی ئامادەیی بۆ هاوکاریکردن لە گەڵ خەڵکی هەڵبژێردراو و جێبەجێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ گواستنەوەی دەسەڵات، بەڵگەی ئەم بانگەشەیە. هەروەها دەستی دۆستایەتی بۆ ئۆپۆزسیۆن درێژ کردەوە دوای ئەوەی ئۆپۆزسیۆن ڕایگەیاند کە هێرش ناکەنە سەر هاووڵاتیان و هیوای ئەوەی دەربڕی کە هەموو سورییەکان بە ژیرانە و عەقڵانییانە بیر لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی وڵاتەکەیان بکەنەو بۆ پاراستنی دامودەزگاکانی حکومەت چونکە سوریا هی هەموو سورییەکانە.
جگە لە ڕژێمی زایۆنیستی، هیچ گرووپ و وڵاتێکی ناوچەکە نایەوێت ئاژاوە و ناسەقامگیری لە سوریا درووست بکات. ڕژێمی زایۆنیستی لە چاوەڕوانی دابەشبوونی خاکی سوریادایە و بۆ داگیرکردنی خاکی ئەم وڵاتە پیلانی داڕشتووە. جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەم ڕژێمە و لێدوانەکانی بنیامین نتانیاهۆ بەڵگەی ئەمەن بە بیانووی جۆراوجۆر، ئەم ڕژێمە بەردەوامە لە دەستدرێژیەکانی بۆ سەر خاکی سوریا.
خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە ڕژێمی زایۆنیستی لەوە تێپەڕیوە و ئەوەی سەلماندووە کە بە بێ گوێدانە جۆر و سرووشتی حکومەتی سوریا، دوژمنایەتی بوونی ئەم وڵاتە وەک وڵات و نەتەوە و جوگرافیاکەی دەکات. ئاژانسی ڕۆیتەرز لە سەر زاری بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی، ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنی کەمکردنەوەی توندووتیژییەکان لە گەڵ سوریا کە لە ساڵی 1974 واژۆ کراوە، کۆتایی هاتووە و بەو بیانووەش بە ڕاگەیاندنی داگیرکردنی ناوچەی پارێزراو لە جۆلان، هێزەکانی سوپای ئەو ڕژێمەی لەم ناوچەیەدا جێگیر کرد، هەروەها چەند سەرچاوەیەک هەواڵی داگیرکردنی چەند شارێکی سوریایان لە لایەن سوپای زایۆنیستەوە بڵاو کردووەتەوە.
ڕووداوەکانی دوو ڕۆژی ڕابردوو لە جۆلانی داگیرکراو و پەلامارە دووبارەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر سوریا بۆ لەناوبردنی تەواوەتی توانا سەربازییەکانی، لەو ڕووداوانەن کە تاران هەمیشە هۆشداریی لە سەر دابوو، بەتایبەت کە ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی بە هاوبەشی یارییان لە گەڵ کارتی داعش بۆ هەڕەشەکردن لە بوونی سوریا کردبوو. ئەمەش وایکرد ئێران لە سەر داوای حکومەتی سوریا ڕاوێژکارە سەربازییەکانی خۆی بنێرێت بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتە لە بەرامبەر هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش و ڕزگارکردنی سوریا و گەلەکەی لەم شێرپەنجەی تەکفیرییە.
ئێران دوای نەهێشتنی مەترسییەکانی داعش لە سوریا ژمارەی ڕاوێژکارەکانی لە سوریا کەمکردەوە، هەروەها بەشدارییەکی کارای لە پڕۆسەی ئاستانەدا بۆ یارمەتیدانی کەمکردنەوەی گرژییەکان شانبەشانی تورکیا و ڕووسیا دەستیپێکرد. ئێران هێشتا بە توندی باوەڕی بەوە هەیە کە ئەوە گەلی سوریایە کە دەبێت چارەنووسی خۆی بە بێ دەستێوەردانی لایەنە دەرەکییەکان دیاری بکات.
دەستدرێژی ئاشکرای ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر جۆلان و تەماحەکانی ئەم ڕژێمە بەرامبەر خاکی سوریا بۆ هیچ کەس شاراوە نییە. سەرەڕای ڕێکەوتنی ئاگربەست لە گەڵ لوبنان، ئەم ڕژێمە بەردەوامە لە دەستدرێژیەکانی بۆ سەر ئەم وڵاتە. جگە لەوەش، درێژەدان بە دەستدرێژیی ئەم ڕژیمە لە غەززە، سەرەڕای حوکمی دادگای لاهای لە دژی نتانیاهۆ وەک تاوانبارێکی شەڕ، بەڵگەی ڕەوایەتی هەڵوێستەکانی ئێرانە لە پشتیوانیکردنی حیزبوڵڵا، حەماس، جیهادی ئیسلامی و بەرەی خۆڕاگری، لە ڕاستیدا ڕژێمی زایۆنیستی جگە لە هێز لە هیچ زمانێکی تر تێناگات.
ئەمڕۆ سوریا دوو بژاردەی لەبەردەمدایە؛ بژاردەی یەکەم درێژەدان بە ململانێ سەربازییە تۆڵەسەندنەوەکانە تا ئاژاوە و داڕمان، بژاردەی دووەمیش کۆتایی هێنان بە ململانێ سەربازییەکان و دەستپێکردنی وتووێژێکی نیشتمانییە بە مەبەستی بەشداریکردنی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای سوریا لە دەسەڵات و پێکهێنانی کابینەیەکی گشتگیر بە ئامادەبوونی نوێنەرانی گەلی سوریا و پێکهێنانی حکومەتێک کە بتوانێت ئاسایشی هەموو هاووڵاتیانی سوریا و هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکە مسۆگەر بکات و شوێنە پیرۆز و ئایینیەکان و ناوەندە دیپلۆماسییەکان و کونسوڵخانەکان بە پێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بپارێزێت.
ڕووداوەکانی جۆلان دەریدەخەن کە دوژمنی سەرەکی سوریا ڕژێمی زایۆنیستییە کە بەردەوام هەوڵی زیانگەیاندنی بەم وڵاتە و گەلەکەی داوە. ئێران دەستبەرداری هیچ هەوڵێک نابێت بۆ یارمەتیدانی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سوریا و بۆ ئەو مەبەستەش بەردەوامە لە ڕاوێژکارییەکانی لە گەڵ هەموو لایەنە کاریگەرەکانی ناوچەکە. مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا هەمیشە پڕ بووە لە دۆستایەتی و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا ئەم دۆستایەتییە بەردەوام بێت و بۆ ئەم مەبەستەش ئێران بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پێشهاتەکانی سوریا بە مەبەستی وەرگرتنی هەڵوێست و سیاسەتی گونجاو بەرامبەر ئەم وڵاتە./.