بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنسور بەراتی سەبارەت بە کەوتنی بەشار ئەسەد و کاریگەری گۆڕانکارییەکانی سوریا لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕێگای ئەمریکا و تورکیاوە بو وردی ئاگاداری ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی سوریا بووە و لە بەرامبەریدا بێدەنگ بوو، لە بەر ئەوەی کە بەرژەوەندییەکانی لە کورت ماوەدا زۆر بەرچاو دەبێت.
ناوبراو وتی: لە کورت ماوەدا گۆڕانکارییەکانی سوریا لە بەرژەوەندی ڕژێمی زایۆنیستییە. ئەمەش دوو هۆکاری هەیە: یەکەم ئەوەی کە بۆشایی دەسەڵات و هێز لە سوریا ڕاستەوخۆ بە پێی بەرژەوەندییەکانی تەل ئەبیبە و ئەم ڕژێمە دەتوانێت لە هەلومەرجی قەیرانی سیاسی و شەڕی ناوخۆیی لە سوریا، ناوچەیەکی زیاتر لە جۆلانی داگیرکراو بخاتە بەر هێرش و پەلامارەکانی خۆی و تەنانەت ئەو ناوچانە داگیر بکات تا لەم ڕێگایەوە ڕوبەڕوی هەر هەوڵێکی دژ بە خۆی لە لایەن سوریا و گرووپە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە ببێتەوە.
دووەم ئەوەی کە قۆناغی پاش دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد کە لە بەرەی خۆڕاگرییەوە نزیک بوو، دەبێتە هۆی داخرانی ڕێگاکانی گواستنەوەی چەک و هاوکاری لە ئێرانەوە بۆ عێراق و پاشان بۆ سوریا و لوبنان، ئەویش لە کاتێکدا کە حزبوڵڵای لوبنان بۆ ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنەوەی خۆی پێویستییەکی زۆری بە هاوکاری سەربازی و پشتیوانی بەرەی خۆڕاگری هەیە.
بەراتی وتی: لە لایەکی دیکەوە گۆڕانکارییەکانی سوریا دەتوانێت لە درێژخایەندا دژی بەرژەوەندییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بێت، ئەمەش هۆکارێکی هەیە: ئەوەی کە ئەگەر حکومەتێکی یەکگرتوو لە لایەن گرووپە چەکدارەکان لە سوریا پێکبهێندرێت، ڕەنگە بەشە دژە زایۆنیستییەکانی ئایدۆلۆژیای حکومەتی نوێ کە ڕەگ و ڕیشەی ئیخوانییان هەیە، وردە وردە چالاک بن و هەڵوێستێکی بەهێزیان لە بەرامبەر زایۆنیستەکاندا هەبێت./.