بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە بەڵگەی پێویست و قەناعەتپێکەری کۆکردووەتەوە کە پیشان دەدات هەڵسووکەوتی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی غەززە نموونەی کۆمەڵکوژکردنی گەلی فەڵەستینە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی 296 لاپەڕەیدا بە وردی ئەو بەڵگانەی خستووەتەڕوو کە لە ماوەی 9 مانگدا کۆکراونەتەوە و تێیدا باس لەوە دەکرێت کە سوپا و حکومەتی ڕژێمی زایۆنیستی سێ کردەوەیان ئەنجامداوە کە بە پێی ڕێکەوتننامەی جینۆسایدی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغەکراون، لەوانە کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنی و بریندارکردن و تووشکردنی مەترسیداری جەستەیی و دەروونی، زیانگەیاندن و بە ئەنقەست سەپاندنی بارودۆخی ژیانی زۆر سەخت بەسەر فەڵەستینییەکان لە کەرتی غەززە کە پێدەچێت پلانێکی داڕێژراو بۆ ڕووخاندن و لەناوبردنی جەستەیی ئەوان بە گشتی بووە.
ئەنیس کالامارد ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی مانگ لە دوای مانگ مامەڵەی لە گەڵ فەڵەستینییەکانی غەززە کردووە وەک ئەوەی بە هیچ شێوەیەک مرۆڤ نەبن و شایستەی مافی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆڤ نین، هەروەها نیازی خۆی بۆ لەناوبردنی ئەوان پیشان داوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە ڕژێمی زایۆنیستی بەرپرسیارە لە هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکان و لەناوبردنی بەرفراوانی ژێرخانی شارەکان، کۆچی زۆرەملێی فەڵەستینییەکان لە سەرتاسەری کەرتی گەمارۆدراوی غەززە و ڕێگریکردن لە ناردنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆیان./.