بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شێخ نەعیم قاسم لە وتارێکدا پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان لوبنان و ڕژێمی زایۆنیستی، جەختی لە سەر بەردەوامی خۆڕاگری لە بەرامبەر ئەو ڕژێمەدا کردەوە.
ناوبراو ستایشی خۆڕاگریی گەلی لوبنانی کرد و وتی: ئێوە پشوودرێژیتان هەبوو و بە تێکۆشان جیهانتان تووشی سەرسوڕمان کرد، ئاوارە بوون، ڕۆڵەکانتان شەڕیان کرد و تەواوی هەوڵ و توانای خۆتان لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی دوژمن بەکار هێنا.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنان وتی: کاتێک بەرەی پشتیوانیمان بۆ غەززە کردەوە، بەردەوام وتمان کە ئێمە شەڕمان ناوێت بەڵام ئامادەین کە ئەگەر دوژمنی زایۆنیستی شەڕی لە دژی ئێمەدا سەپاند، ڕوبەڕوی ببینەوە.
ناوبراو وتی: ڕژێمی زایۆنیستی شەڕی 64 ڕۆژەی لە سەر بنەمای لەناوبردنی حزبوڵڵا، ئاوارەیی دانیشتووانی باشوری لوبنان و گۆڕانکاری لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستپێکرد و وایدەزانی بە کردنەوە ئامانجی ناوەندەکانی فەرماندەیی و توانا سەربازییەکانی حزبوڵڵا، لە ماوەیەکی کورتدا دەگاتە ئامانجەکانی، بەڵام حزبوڵڵا لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە وێڕای خۆڕاگری، بە هێرشکردنە سەر قووڵایی خاکی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین بە تایبەت تەل ئەبیب و حەیفا دوژمن ڕوبەڕوی شکست بکاتەوە.
سەرۆکی خۆڕاگریی لوبنان وتی: لەم شەڕەدا ژمارەی ئاوارەکانی باکوری فەڵەستینی داگیرکراو لە 70 هەزار کەسەوە گەیشتە سەدان هەزار کەس، خۆڕاگری ئامادەیی خۆیی سەلماند و پلانەکانی شەهید سەید حەسەن نەسروڵڵا کارامە و بە پێی گۆڕانکارییەکان بوون. زایۆنیستەکان پیلانی شەڕی ناوخۆیی لوبنانیان داڕشتبوو کە بە هۆی یەکگرتوویی پێکهاتەکانی لوبنان ئەو پیلانە شکستی هێنا.
شێخ نەعیم قاسم وتی: خۆڕاگری و گیانفیدایی ڕۆڵەکانی لوبنان جیهانیانی تووشی سەرسوڕمان کرد و دوژمنی تووشی بێهیواییەکی گەورە کرد.
ناوبراو وتی: ئەگەرچی زیانی زۆرمان لەم شەڕەدا هەبووە بەڵام لە شەڕەکەدا سەرکەوتنمان بە دەست هێنا کە لە سەرکەوتنەکانی 2006 زیاترە، دوژمن شکستی هێناوە و لێدوانی بەرپرسەکانی وەک بەڵگەیە لە سەر ئەم شکستە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: هێمایەکی شکستی دوژمن، گەڕانەوەی ئاوارەکانی باشوری لوبنان و نەگەڕانەوەی شارۆچکەنشینە زایۆنیستەکان بۆ ناوچەکانی باکوری فەڵەستینی داگیرکراوە.
ڕاشیگەیاند کە ئەو ڕێکەوتنە کراوە، لە چوارچێوەی سەروەری لوبناندا بووە و خۆڕاگری بەهێزەوە لە گۆڕەپانەکەدا ماوەتەوە و بە سەربەرزییەوە درێژە بە چالاکی خۆی دەدات./.